
پەرلەمانی کوردستان
SNN-عەلی حەمە سەعید
دوای ئەوەی لە دانیشتنەكەی 28ی حوزەیران كە ژمارەیەك لە وەزیرەكانی حكومەت ئامادەیی بوون، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان بڕیاردرا كە لیژنە تایبەتمەندەكانی پەرلەمان لە ڕێگەی ڕاسپاردەیەكەوە كۆی داواكاری پەرلەمانتاران لەبارەی كۆتایی هێنان بە لێبڕینی لە %21ی مووچە ئاراستەی حكومەتی هەرێم بكەن، ئەمڕۆش لیژنەكانی پەرلەمان ئەو ڕاسپاردەیان ئامادەكردوو و SNNیش ناوەڕۆكەكەی بڵاو دەكاتەوە.
بەگوێرەی ئەو نوسراوەی كە لەلایەن هەریەكە لە لیژنەكانی دارایی و سامانەسروشتییەكان و یاسایی پەرلەمانی كوردستانەوە ئامادەكراوە و وێنەیەكی تایبەت بۆ SNNنێردراوە ئەوە خراوەتەڕوو، لەسەر داوای سەرۆكایەتی پەرلەمان لە رۆژی 28-6-2021 هەرسێ لیژنەی یاسایی، دارایی و كاروباری ئابووری، وزە و سامانە سرووشتییەكان و پێشەسازی و بازرگانی، لەبەر رۆشنایی كۆبوونەوەی (17 كاتژمێری) پەرلەمانی كوردستان بە ئامادەبوونی تیمی ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر دۆخی دارایی لە هەرێمی كوردستان. لە رۆژی 7-7-2020 هەر سێ لیژنەی پەرلەمانی كۆبوونەوی هاوبەشی خۆیان ئەنجام دا و ئەم راسپاردانەی خوارەوەیان ئامادەكرد كە ئاراستەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكرێت، بە مەبەستی كۆتاییهێنان بە لێبڕینی مووچە و كاركردن بۆ كۆكردنەوەی تەواوی داهاتەكان بۆ خەزینەی حكومەت.
ئاماژە بەوەشكراوە، راسپاردەكانی پەرلەمانی كوردستان خۆی لە شەش تەوەر پێكدێن كە یارمەتیدەر دەبن بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان كە دەستی كراوە دەبێ بۆ باشتر كۆكردنەوەی داهات، كە بە شێوەیەك دابەشبكرێت كە چی دیكە پێدانی مووچە لە هەرێمی كوردستان دوانەكەوێت و بەبێ لێبڕینی 21٪ دابەشبكرێت و رێكخستنەوەی داهات بە ئامانجی ئەوەی هەر 30 رۆژ جارێك مووچە دابەشبكرێت و بەكەمترین ماوە مووچە بگاتە دەست مووچەخۆران
هەروەها داوادەكەین، حكومەتی هەرێمی كوردستان كاری جددی بكات بۆ ئامادەكردن و ناردنی بودجە بۆ پەرلەمانی كوردستان، تاوەكو لانیكەم شەفافییەت لە داهات و خەرجیی حكومەت بەدیبكرێت و، دادپەروەری هەبێت لە دابەشكردنی داهاتی هەرێمی كوردستان
لە ڕاسپاردەی پەرلەمانی كوردستان ئەوەش ڕوونكراوەتەوە، حكومەت پەلە بكات لە ئەنجامدانی چاكسازی لە مەلەفی نەوت بە گوێرەی رێكارە یاساییەكان، بە شێوەیەك لە كرێ و خەرجی كۆمپانییاكانی نەوت، بە ئاراستەی ئەوەی خەرجی نەوتی كە (58٪) كەمبكرێت و زۆرترین داهاتی نەوت بۆ حكومەت بگەڕێتەوە. بۆیە داوا دەكەین، رێكخستنەوە لە گرێبەستەكانی نەوتدا بكرێت، حكومەت ئەم هەنگاوانە بە خێرا بگرێتەبەر بۆ زیاتكردنی داهاتی نەوت وەك ئەوەی لە دوایین راپۆرتی دیلۆیتدا هاتووە.
1.پێداچوونەوە و وردبینیكردن بە خەرجیی كۆمپانیاكانی نەوت (كۆمپانیاكانی خزمەتگوزاری، سیستەمی پێدانی مووچە و بەكرێدانی ئالییات، پاراستنی ئاسایشی كۆمپانیاكان لەلایەن كۆمپانیای ئەمنی كەرتی تایبەتەوە
2. پێداچوونەوە بە گرێبەستی كرێی بۆری نەوت
3. پێداچوونەوە بە سیستەمی فرۆشتنی نەوت بە شێوەیەك ئەو داشكانەی دەكرێت بەرەو كەمكردنەوە بچێت
هەر لە ڕاسپاردەكەدا ئەوەش هاتووە، لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووریی پەرلەمانی كوردستان بەدواداچوونی مەیدانی بۆ دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان كردووە. ئەوەی بەدیكراوە لە گومرگەكانی فەرمی و نافەرمی، وەك پێویست داهاتەكانی بۆ حكومەت كۆناكرێتەوە و ناگەڕێتەوە خەزینەی حكومەت، بۆیە داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین هەنگاوی جددی و خێرا بگرنە بەر، بۆ كۆنترۆڵكردنی دەروازەكان لە هاوردەكردنی كاڵاكان بەرێگەی قاچاغ و كاری قاچاخچییەتی. ئەمە وادەكات داهات زیادببێت.
ئەنجوومەنی وەزیران پەلە بكات لە وەرگرتنی بڕیاری كۆتایی لەسەر گرێبەستەكانی حكومەت لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانەی خزمەتگۆزاری پێشكەش دەكەن لەنێو دەروازە سنوورییەكان بە شێوەیەك لە بەرژەوەندی حكومەتدابێت كە لانیكەم گرێبەستەكان (50 بە 50) بێت. هەروەها هەندێ كۆمپانیا لە خاڵە سنوورییەكان كارەكانیان حكومەت خۆی بیكات وەك (تەعقیم، سۆنەر، قەپان و راگەیاندنی گومرگی
سیستەمی بانكی ئەلیكترۆنی لە دەروازەكان دابنرێت، رۆژانە كۆی داهاتی دەروازەكان بە شەفافییەت تێیدا تۆماربكرێت، ئەم سیستەمە لە ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی هەبێت كە رۆژانە چاودیریی داهاتی دەروازەكان بكرێت
دەستەی دەروازە سنوورییەكان لە هەرێمی كوردستان دابمەزرێت، بۆ ئەوەی یەك سیاسەتی دەروازە سنورییەكان لە هاوردەكردن و داهات هەبێت
لەبارەی باج و رسوماتەوە لە ڕاسپاردەكەی پەرلەمان بۆ حكومەت ئەوە خراوەتەڕوو، رێكخستنەوە و سیاسەتی ئێستای باج لە هەرێمی كوردستان لەسەر هاونیشتمانیانی كەمدەرامەت رەنگی داوەتەوە
هەست دەكرێت لە كۆكردنەوەی باج دادپەروەری نییە لە نێوان پارێزگاكان، پێویستە ئەنجوومەنێكی هاوبەش دروستبكرێت بۆ دانانی ستراتیژییەتی باج تاوەكو (فەجوا) لە كۆمەڵگە دروست نەبێت. ئەم ئەنجوومەنە لەنێوان هەر یەك لە وەزارەتی دارایی و ئابووری، بازرگانی و پێشەسازی، دەستەی وەبەرهێنان بۆ ئەوەی سیاسەت و سیستەمێكی رێكخراو هەبێ لە وەرگرتنی باج. هەروەها عەدالەت هەبێ لە وەرگرتنی باج كە بەشیوەیەك نەبێ لە هەندێ كۆمپانیا وەربگیرێت و لە هەندێكی دیكە وەرنەگیرێت.
پێویستە پێداچوونەوەی جددی بكرێت لە گرێبەستەكانی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان و كۆكردنەوەی داهاتی كارەبا، چونكە حكومەت خۆی دەڵێت داهاتی كارەبا وەك پێویست كۆناكرێتەوە. هەروەها هەنگاوی جددی بهاوێژرێت بۆ بڕینی هێڵی كارەبا كە دەدزرێت. ئەمەش وا دەكات داهاتی كارەبا زیاتر كۆبكرێتەوە. كە مانگانە 80 ملیۆن دۆلار خەرجی كارەبا هەیە و داهاتەكەی 40 ملیۆن دۆلارە؟
هەروەها قەرزەكانی حكومەت لای هاونیشتمانییان بە پلانێكی نوێ وەربگرێتەوە كە دیدڵاینەكەی 5 ساڵ بێت بە شێوەیەكی قیست، ئەویش قەرزی (كارەبا، ئاو و قەرزەكانی دیكە) كە ساڵانە 20٪ وەربگیرێت.
لەبارەی یاسایی چاكسازییەوە ئەوە هاتووە، داوا لە حكومەت دەكەین هەموو هەوڵەكانی خۆی بخاتەگەڕ بۆ جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی و نەهێشتنی رێگرییەكانی بەردەم ئەم یاسایە و ئاشكراكردنی ئەو كەس و لایەنانەی ئاستەنگ بۆ ئەم یاسایە دروست دەكەن. داهاتی یاساكەش بەشێوەیەكی دادپەروەرانە وەك لەنێو خۆدی یاساكەدا هاتووە بۆ زیادكردنی مووچەی ئەو مووچەخۆرانەبێ كە كەمترین مووچەیان هەیە
لە كۆتایی ڕاسپاردەكەی پەرلەمان بۆ حكومەت ئەوە هاتووە كە، پێویستە لەسەر حكومەت دیراسەتێكی جددی بكات لەسەر چارەسەركردنی گرفتی مووچەخۆرانی (گرێبەست و وانەبێژان) لە هەرێمی كوردستان، تاوەكو دڵنیابن لە داهاتووی خۆیان.
More News
-
نرخی زێڕ بەرز بووەوە
4 hours لهمهوپێش -
سەرایا سەلام وەک یەکەم گرووپ چەکەکانی ڕادەستی دەوڵەت کرد و هەڵوەشایەوە
5 hours لهمهوپێش -
نرخی مریشك دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی
June 3, 2026
About Us
ئەرکمان پێدانی هەواڵی ڕاست و دروستە دەربارەی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، لە ڕێگەی ستانداردەکانمانەوە هەوڵ بۆ باشترینەکان دەدەین.
In Case You Missed
-
نرخی زێڕ بەرز بووەوە
4 hours لهمهوپێش -
سەرایا سەلام وەک یەکەم گرووپ چەکەکانی ڕادەستی دەوڵەت کرد و هەڵوەشایەوە
5 hours لهمهوپێش


