بەپێچەوانەی قسەکانی وەزيری سامانە سروشتييەکان نرخی بەنزين دانەبەزيوە

0
1180

SNN-عەلی حەمە سەعید

هەرچەندە بە وتەی وەزیری سامانە سروشتییەكان دەبوو ئەمڕۆ نرخی لیترێك بە نزینی نۆرماڵ لە 850 دینارەوە دابەزێت بۆ 650 دینار، بەڵام هیچ گۆڕانكارییەك بەسەر نرخی بەنزیندا نەهاتووە و نرخی گازیش زیاتر گران بووە، بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی سلێمانیش دەڵێت نازانین كەی گۆڕانكاری لە نرخی بەنزین دەكرێت.

محەمەد حەسیب، بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی سلێمانی بە SNNی ڕاگەیاند: تا ئێستا هیچ بڕە بەنزینێكمان لەلایەن حكومەتی عێراقییەوە بەدەست نەگەیشتووە و ناشزانین كەی ئەو بڕە بەنزینەی كە وەزیری سامانە سروشتییەكان باسی لێوە كردووە دەگات بە دەستمان بۆیە نرخی بە نزین لە سنووری پارێزگای سلێمانی هەروەك خۆیەتی و هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەهاتووە.

ئاماژەی بەوەشكرد، نازانین میكانیزمی ناردنی ئەو بڕە بەنزینەی كە باسی لێوە دەكرێت ڕۆژانە یەک ملیۆن لیتر بەنزین ڕەوانەی هەرێم دەكرێت چۆنە و بە چ شێوازێك دابەشدەكرێت، بۆیە تا ئێستا هیچ نوسراوێكی فەرمیمان بەدەست نەگەیشتووە بۆیە ناتوانین هەر لەخۆمانەوە قسەی لەبارەوە بكەین.

وتەكانی بەڕێوەبەری نەوت وكانزاكانی سلێمانی لە كاتێكدایە كە ( كەمال ئەتروشی) وەزیری سامانە سروشتیەكان ئەوەی ڕاگەیاند بوو كە لە ئەمڕۆوە 2021/8/23 ڕۆژانە حكومەتی عێراق بڕی یەك ملیۆن لیتر بەنزین ڕەوانەی هەرێمی كوردستان دەكات و بە نرخی 650 دینار بۆ هەر لیترێك بەسەر شۆفێراندا دابەشدەكرێت، بەڵام ئەمڕۆ هیچ گۆڕانكارییەك ڕووی نەداوە لە نرخی بەنزین.

لەلایەكی دیكەوە عەلی حەمە ساڵح سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەكان لەپەرلەمانی كوردستان ئەوەی ڕاگەیاندووە كە لە ئەمڕۆوە نرخی تۆنێك گاز لە 450 دۆلارەوە زیاد دەكرێت بۆ 500 دۆلار.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this