غازی کەرکوکی: هاوپەیمانی کوردستان هەمان ئەو لیستەیە کە پێشتر چەند کەسێک وەسفیان دەکرد و ئێستا دژایەتی دەکەن

0
788

SNN-عەلی حەمە سەعید

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی ئاماژە بەوەدەكات ئەو لیستی هاوپەیمانییەی كە ئێستا هەیە هەمان ئەو لیستەیەكە كە پێش گۆڕانكارییەكانی هەشتی تەموز هەبووە، سەیر لەوەدایە كە پێشتر بە لیستێكی زۆر باش دەناسێندرا، بەڵام ئێستا هەمان ئەو لیستە لەلایەن پەیجە سێبەرەكانەوە بەخراپە باس دەكرێت، بۆیە ئەگەر لاهور شێخ جەنگی خۆی بە دڵسۆز دەزانێت با لەپەیامێكدا داوا بكات دەنگ بە یەكێتی بدرێت.

غازی كەركوكی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە  SNNی راگەیاند: ئەو لیستی هاوپەیمانییەی كە ئێستا هەیە هەمان ئەو لیستەیە كە پێش گۆڕانكارییەكانی هەشتی تەموز هەبووە، پێشتر كەسێك سەرۆكایەتی لیستەكەی كردووە ئێستا كەسێكی ترە ئەمە ناكاتە ئەوەی لیستی هاوپەیمانی گۆڕانكاری تیادا كرابێت، بۆیە ناكرێت شەخسێك لە سەرۆكایەتی لیستەكە نەما ئیتر یەكێتی بەتەواوی بسڕێتەوە، بەڵكوو وەك مام جەلال وتوویەتی “هەموومان بە یەكێتییەوە هەین ئەگەر یەكێتی نەبێت كەسمان نابین”.

ئاماژەی بەوەشكرد: دەبێت ئەو راستییە بزانین كە یەكێتی لە هەموومان گەورەترە، چونكە هەر یەكێتی بوو وای لێكردوین خەڵك بمانناسێت، بۆیە ئەگەر كەسێك هەڵەیەكی كردووە ئێستا لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەكرێت نابێت ئەو كەسە دژی یەكێتی بێت، بەداخەوە لە ئێستادا دەبینین بە دەیان پەیجی سێبەر كەوتوونەتە دژایەتیكردنی یەكێتی و لیستی هاوپەیمانی لە كاتێكدا هەمان ئەو پەیجانە پێشتر وەسفی لیستەكەیان دەدا.

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی ئەوەشی خستەڕوو: ئەوەی پێشتر خۆی بە دڵسۆزی یەكێتی زانیوە بەڵام ئێستا كەوتووەتە دژایەتیكردنی ئەوە دەسەلمێنێت كە ئەو كەسانە بە مەبدەئی یەكێتی نەبوون بەڵكوو یەكێتیان بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بەكارهێناوە، هاوكات پێشتر (لاهور جەنگی) چەند بەیاننامەیەكی توندی بڵاو كردوەتەوە بۆیە ئێستا ئەركی لاهورجەنگییە كە ئەگەر خۆی بە دڵسۆزی یەكێتی دەزانێت با بەیاننامەیەكیش دەربكات و تیایدا داوا لە لایەنگرەكانی بكات دەنگ بە یەكێتی بدەن.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this