لەبارەی نەمانی پارە لە بانکەكان روونكردنەوە دەدرێت

0
1458

SNN-عەلی حەمە سەعید
دوای ئەوەی ئەمڕۆ لە ژمارەیەك دەزگای ڕاگەیاندنەوە ئەوە بڵاو كرایەوە كە گوایە بەهۆی نەمانی پارە لە بانکەكان دابەشكردنی مووچەی كەسوكاری شەهیدان گرفتی بۆ دروست بووە و دابەشنەكراوە، بەرپرسێكی وەزارەتی دارایی ئاماژە بەوەدەكات ئەو گرفتە لە هەندێك بانکی شاری هەولێر ڕوویداوە و دابەشكردنی مووچە ئاساییەو گرفتەكە چارەسەر كراوە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لەبەرپرسێكی وەزارەتی دارایی بە SNNدراون ئەوە خراوەتەڕوو، ئەو خشتەیەی كە لە لایەن وەزارەتی داراییەوە ڕاگەیەندراوە هیچ گرفتێكی بۆ دروست نەبووە و لە بانکەكانی هەرێم پارەی پێویست لەبەردەستدا بووە بۆ دابەشكردنی مووچە، بەڵام پێدەچێت سەرلەبەیانی لەكاتی دەستپێكردنی دەوام لە هەندێك لە بانکەكانی هەولێر بڕی پارەی پێویستیان لەبەردەستدا نەبووبێت بەڵام دواتر ئەوە چارەسەر كراوە و پارەی پێویستیان بۆ دابینكراوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە بانکەكانی سلێمانی و هەڵەبجە هیچ گرفتێكی نەمانی پارە دروست نەبووە و پرۆسەی دابەشكردنی مووچە بە شێوەیەكی ئاسایی و بە گوێرەی ئەو خشتەیەی بڵاومانكردووەتەوە بەردەوامی پێدراوە و مووچە دابەشكراوە.

كامەران مستەفا، بەڕێوەبەری گشتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكروانی هەڵەبجە بە SNNی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ لە بانکی هەڵەبجە بە شێوەیەكی ئاسایی مووچەی كەسوكاری شەهیدان و كارمەندانی وەزارەتی كاروباری شەهیدان دابەشكراوە و هیچ گرفتێك لە نەمانی پارە لە ئارادا نەبووە.

بەدواداچوونەكانی SNN لە كاتێكدایە كە ئەمڕۆ لە بەشێك لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن ئەوە بڵاو كرایەوە كە بەهۆی نەمانی پارە لە بانکەكان تەنها مووچەی وەزارەتی ناوخۆ دابەشكراوە و مووچەی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و كەسوكاری شەهیدان دابەشنەكراوە.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this