مەکتەبی سیاسی یەکێتی راگەیەنراوێکی لە چوارەم ساڵیادی ماڵئاوایی سەرۆک مام جەلال بڵاوکردەوە

0
930
لۆگۆى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان | فۆتۆ: SNN

SNN

مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ساڵڕۆژی كۆچی مامدا به‌ڵێن دووپات ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌میشه‌ سایه‌ی شكۆمه‌ندی، بیری وردی، ته‌گبیری ژیرانه‌‌و پشوو درێژی شۆڕشگێرانه‌ی بکاتە سه‌رمه‌شقی خه‌بات بۆ پێكه‌وه‌یی ‌و پاراستنی چه‌پكه‌ گوڵه‌كه‌ی كوردایه‌تی ‌و دیموكراتی له‌ وڵاتدا و تا هاتنە دی دروشمه‌ ڕاست و ڕه‌واكه‌ی (ئاشتی، دیموكراسی، مافی مرۆڤ و چاره‌ی خۆنوسین).

 

ده‌قی ڕاگه‌یه‌ندراوی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ چواره‌مین ساڵرۆژی ماڵئاوایی شكۆی نیشتمان و نه‌ته‌وه‌ سه‌رۆك مام جه‌لال.

 

چوار ساڵ به‌سه‌ر ماڵئاوایی یه‌كجاره‌كی سایه‌ی شكۆمه‌ندی نه‌ته‌وه‌ ‌و نیشتمان، رابه‌ری شۆڕشی نوێ هه‌ڤاڵ مام جه‌لال تێپه‌ڕ ده‌بێت.

 

یه‌كێتییه‌كان، كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان، گه‌لانی عیراق، دۆستانی ئازادی ‌و دیموكراتی ‌و فیدرالیش له‌ ته‌واوی جیهاندا به‌ رێز ‌و نه‌وازشه‌وه‌ ئه‌م یاده‌ مه‌زنه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ ‌و له‌ مانا قوڵه‌كانی ڕاده‌مێنن.

سه‌رۆك مام جه‌لال هه‌ر به‌ ته‌نها سكرتێری گشتی یه‌كێتی ‌و سه‌رۆكی حزبێكی سیاسیی كوردستانی نه‌بوو، به‌ڵكو رابه‌ری شۆڕشی نوێی گه‌له‌كه‌مان ‌و سه‌ركرده‌ی تێكۆشانی گه‌لی كورد بوو له‌ سه‌رتاسه‌ری كوردستان ‌و ستوونێكی پته‌وی دیموكراتیزه‌كردنی عیراق ‌و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ‌و جیهانیش بوو.

مام جه‌لال له‌ ته‌مه‌نی پڕ به‌ره‌كه‌تی تێكۆشانی فیكری، سیاسی، پێشمه‌رگایه‌تی، دیبلۆماسی ‌و خه‌باتی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی خۆیدا نموونه‌ی سه‌ركرده‌ ‌و سه‌ركۆمار ‌و خه‌باتگێری ڕه‌سه‌ن بوو كه‌ له‌ هه‌موو سه‌رده‌مه‌كاندا به‌ وره‌ی به‌رز ‌و پۆڵایینی كوردانه‌وه‌، خاوه‌نی دونیابینی شۆڕشگێری ‌و پێشبینی ڕاست ‌و دروست بوو، هه‌میشه‌ش ئه‌م توانا ‌و به‌هره‌ مه‌زنانه‌ی خۆی ده‌خسته‌ خزمه‌تی دۆزی ره‌وای كوردایه‌تی، گه‌شه‌كردنی كۆمه‌ڵی كورده‌واری ‌و مه‌سه‌له‌ی دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی ‌و دیموكراتیزه‌كردنی وڵات ‌و گه‌شه‌پێدانییه‌وه‌. له‌ سه‌رده‌می شۆڕشدا وێنه‌ی شۆڕشگێرێكی خۆڕاگر ‌و كۆڵنه‌ده‌ر، بیرمه‌ندێكی واقیع بینی واقیع گۆر بوو، له‌ ڕاڕه‌وه‌كانی حزبایه‌تی، دیبلۆماسی كوردستانی ‌و عیراقی ‌و جیهانیشدا پشوو درێژ ‌و به‌ ته‌گبیر و خاوه‌ن سه‌بری شۆڕشگێری به‌رپرسیارانه‌ بوو.

ئه‌و له‌ یه‌ك كاتدا سه‌ركرده‌ی پاراستنی پره‌نسیبه‌ نیشتمانی ‌و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ‌و فیگه‌ری پاراستنی ئازادی راده‌ربڕین ‌و سه‌ربه‌رستییه‌ گشتییه‌كان بوو، دژی سته‌م ‌و داگیركاری ‌و چه‌وسانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، نه‌ته‌وایه‌تی ، ئاینی ‌و مه‌زهه‌بی بوو، له‌گه‌ڵ ئاشتی ‌و ئازادی ‌و برایه‌تی میلله‌تان بوو، له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌كسانی ‌و به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش، بێ ده‌ستبه‌رداربوونی له‌ مافه‌ ره‌واكانی گه‌له‌كه‌ی كه‌ بۆ ئه‌وان ‌و بۆ رزگاری نیشتمانی كوردستان شۆڕشی به‌رپا كرد ‌و سه‌ری خست ‌و گه‌یاندییه‌ ئامانجی سه‌ركه‌وتن.

له‌مرۆشدا… كوردستانی ئازاد ‌و عیراقێكی دیموكرات ‌و فیدرال كه‌ خاوه‌نی سه‌روه‌ری ‌و نه‌خشه‌رێگای ده‌ستووری خۆیه‌تی، به‌ری ره‌نجی تێكۆشانی سیاسیی ‌و ئه‌ندێشه‌ی فیكر ‌و سیاسیی مام جه‌لال و باوكه‌ دامه‌زرێنه‌ره‌كانی تری دیموكراتیزه‌كردنی عیراق ‌و كوردستانه‌.

ئێمه‌ وه‌ك یه‌كێتی ‌و وه‌ك خه‌ڵكی كوردستانیش كه‌ چواره‌مین ساڵرۆژی سه‌ركرده‌ی نه‌مر ‌و جاویدانی گه‌له‌كه‌مان به‌رز راده‌گرین، به‌ هه‌ستی به‌رز ‌و شانازی زۆره‌وه‌ له‌م شاخه‌ به‌رزه‌ی كوردستان، له‌م رووباره‌ مه‌زنه‌ی خێر ‌و ئاوه‌دانی كه‌ له‌ فه‌رهه‌نگی سیاسه‌تدا ناوی مام جه‌لاله‌، ده‌ڕوانین ‌و تین‌وتاوی درێژه‌پێدانی خه‌باتی ره‌وای لێوه‌رده‌گرین.

له‌م رۆژه‌ مه‌زنه‌ی ساڵرۆژی كۆچی مامدا به‌ڵێن دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌ هه‌میشه‌ سایه‌ی شكۆمه‌ندی، بیری وردی، ته‌گبیری ژیرانه‌ ‌و پشوو درێژی شۆڕشگێرانه‌ی بكه‌ینه‌ سه‌رمه‌شقی خه‌بات بۆ پێكه‌وه‌یی ‌و پاراستنی چه‌پكه‌ گوڵه‌كه‌ی كوردایه‌تی ‌و دیموكراتی له‌ وڵاتدا. تا دروشمه‌ ڕاست و ڕه‌واكه‌ی (ئاشتی، دیموكراسی، مافی مرۆڤ و چاره‌ی خۆنوسین)

به‌ ته‌واوی دێته‌ دی.

سڵاو له‌ رۆحی پاكی مام و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی گه‌له‌كه‌مان.

 

مه‌كته‌بی سیاسی

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this