تەندروستی ڕاپەڕين: دۆخی کۆرۆنا هەرگيز لەمە خراپتر نابێت

0
528

SNN

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ڕاپەڕین رايگەیاند: “لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین یەکەمجارە ئێمە بگەینە حاڵەتێک کە بێدی ئۆکسجین لە نەخۆشخانەکان بۆ وەرگرتنی نەخۆش نەمێنێت، ڕێژەی تووشبوون بە کۆرۆنا لەچاو ماوەکانی ڕابردوو دوو هێندە زیاترە”.

د.دیار ئیبراهیم بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ڕاپەڕین بە دەنگی ئەمريکای راگەياندووە: “لە ئێستادا ئەو توشبووانەی کۆرۆنا کە دێنە نەخۆشخانەکانمان هەموویان پێویستییان بە ئۆکسجین هەیە خۆشمان کێشەی کەمی ئۆکسجینمان هەیە، لەماوەی نۆ ڕۆژدا پێنج هەزار بوتڵ ئۆکسجینمان سەرفکردووە، بەتەنها لە دوێنێشدا هەزار بوتڵمان سەرفکردووە “.

دەشڵێت “پێشتر دەرمانمان بۆ چوار مانگ کڕیبوو بەڵام لەماوەی دوو هەفتەی ڕابردوو هەموویمان سەرفکردووە و لە ئێستادا چەندین دەرمانی پێویستیمان نەماوە و لێمان بڕاوە، لەسەر پێداویستی ئۆکسجین و دەرمان بۆ سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین چەندین جار پەیوەندیمان کردووە بە وەزارەتی تەندروستی و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بەڵام بەداخەوە وەڵاممان نادەنەوە”.

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ڕاپەڕین ئەوەشی وت: “ دۆخی هاووڵاتیانی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین هەرگیز لەمە خراپتر نابێت کە هەیە، لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا 25 کەس بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، لە یەک ڕۆژدا هەشت کەس بە کۆرۆنا مردوون، ئەم ئامارانە بۆ من وەک یەکەم بەرپرسی تەندروستی ئیدارەی ڕاپەڕین بەداخەوە ئاماری دڵخۆشکەر نین”.

د.دیار ئیبراهیم داوای لە هاووڵاتییان کرد پێکوتەی دژ بە کۆرۆنا وەربگرن، دەشڵێت“ لە کۆی 89 حاڵەتی تووشبووی کۆرۆنا کە دوێنێ سەردانمان کردوون هیچ کام لەوانە ڤاکسینییان پێشتر وەرنەگرتووە، ئەگەر پێشتریش حاڵەتی توشبوون هەبوبێت مەترسیدار نەبووە و لەماڵەکانیان چارەسەرییان وەرگرتووە، بێگومان لەوە باشترە بێن لە نەخۆشخانە ئۆکسجین وەربگرن، ئێمە ئێستا 35 کەسمان لەژێر ئامێری ئۆکسجینی دەسکردان”.

هاوکات د.دیار ئیبراهیم ئاماژەی بە هۆکارەکانی زیادبوونی ڕێژەی تووشبوون بە کۆرۆنا لەسنووری ئیدارەی ڕاپەڕین کرد و وتی“ بەشێوەیەکی سەرەکی پابەندنەبوونی هاوڵاتییان بە ڕێنماییە تەندروستییەکان، تێکەڵاوی زۆرییان، هەروەها وەرنەگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا ، هەروەها کردنەوەی دەرگای خوێندنگاکان لە ماوەی ڕابردوودا بەجۆرێک لە یەک قوتابخانەدا لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین لە کۆی 18 مامۆستا، 16 یان تووشی کرۆنا بوون”.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this