هۆكاری ڕاگرتنی دابەشكردنی نەوتی سپی ماڵان ئاشكرا دەکرێت

0
881

SNN-عەلی حەمە سەعید

ئەگەرچی لەسەرەتای ئەم مانگەوە پرۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی ماڵان لە سنوری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەستپێكرد و چەند ناوچەیەك نەوتیان وەرگرت، بەڵام ماوەی چەند ڕۆژێكە  پرۆسەکە ڕاگیراوە سەرۆكی لیژنەی وزەش لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هۆكارەكەی ڕووندەكاتەوە.

كەریم عەلی، سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە SNNی ڕاگەیاند: ماوەی چەند ڕۆژێكە پرۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی ماڵان لە سنوری پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری ڕاگیراوە، لە بەدواداچوونمان دەركەوت كە هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە هەرێمی كوردستان بڕی پێویست لە نەوتی سپی بۆماڵان دابیننەكردووە و هەروەها ئەو بڕە نەوتەشی كە لە لایەن عێراقەوە ڕەوانە دەكرا چەند ڕۆژێكە ڕاگیراوە.

ئاماژەی بەوەشكرد،  هەر لە بەدواداچوونەكانماندا ئەوەشمان بۆ ڕوو بووەتەوە كە هەرچەندە بڕیار بوو ڕۆژانە بڕی زیاد لە یەك ملیۆن لیتر بەنزین ڕەوانەی پارێزگاكانی هەرێم بكات، بەڵام ئەو بڕە بەنزینەش كەم كراوەتەوە بۆ بڕی 550 هەزار لیتر، ئەوەش هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم ڕێككەوتنی فەرمی لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراقی نەكردووە، بەڵكوو ئەوەی هەبووە سەرزارەكی بووە ئەوەش ئەنجامەكەی بوو.

سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجومەنی پاێزگای سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، لە نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق هیچ نوسراوێك نییە كە حكومەتی عێراق پابەند بكات بە بەردەوامی ناردنی نەوتی سپی و بەنزین بۆ هەرێمی كوردستان، لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان بۆخۆی سەربەخۆ مامەڵە لەگەڵ مەلەفی نەوت دەكات و خاوەن پاڵاوگەی خۆیەتی بەڵام ناتوانێت پێداویستی ڕۆژانەی هاووڵاتیان لە نەوت و بەنزین دابین بكات.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this