نوێترین زانیاری لە بارەی بەهەمیشەیكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست

0
1015

SNN-عەلی حەمەسەعید

بەرپرسێكی باڵا لە وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم ئاشكرایدەكات حكومەتی هەرێم مەبەستی نییە فەرمانبەرانی گرێبەست بکاتە هەمیشەیی بەڵكو هێنانەكایەی ئەو بابەتە تەنها بۆ بێدەنگكردنی ئەو فەرمانبەرانە بوو تا كۆتایی بە خۆپیشاندان بهێنن، دەشڵێت: تیمی پارتی لە حكومەت لەگەڵ بەهەمیشەیكردنی فەرمانبەراندا نین.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لەبەرپرسێكی باڵای وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم بە SNNدراون ئاماژە بەوەكراوە، لەگەڵ ئەوەی ماوەیە پێش ئێستا كاتێك فەرمانبەرانی گرێبەست لە شاروشارۆچكەكان دەستیان بە خۆپیشاندانكرد و داوایان دەكرد بكرێنە بەهەمیشەیی، دواتر وەزارەتی دارایی بە نوسراوێك داوای ژمارەی فەرمانبەرانی گرێبەستی لە وەزارەتەكان كرد گوایە دەیانكاتە هەمیشەیی بەڵام لە ئێستادا ئەو بابەتە كاری لەسەر ناكرێت ئەوە تەنها بۆ كۆتایی هێنان بوو بە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی ئەو فەرمانبەرە گرێبەستانە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئێمە لە وەزارەتی دارایی لیژنەیەكمان پێكهێنا بۆ ئەوەی بەدواداچوون بكەین بۆ كۆكردنەوەی ژمارەی فەرمانبەرانی گرێبەست، بەڵام لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە ئاستی باڵا ئەو وەزارەتانەیان بۆ دیاریكردین كە سەردانیان بكەین لەلایەن وەزیرە پارتییەكانەوە بەڕێوەدەبرێن، دواجار سەردانی ئەو وەزیرانەمان كرد و پاش گفتوگۆ بۆمان دەركەوت كە ئەوان لەگەڵ ئەوەدانین فەرمانبەرانی گرێبەست بكرێنە هەمیشەیی.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی ئەوەشی خستەڕوو، لەلایەن سەرۆكی حكومەت و تیمی پارتی لە حكومەت ئەم بابەتەش بە سیاسی كراوە، چونكە  ئەم بابەتە لە پەرلەمانی كوردستان لە لایەن فراكسیۆنی یەكێتییەوە پێشنیاركراوە و ئامادەكراوە، بە بیانووی ئەوەی بارگرانی بۆ حكومەت دروست دەبێت و ئەگەر ئەو فەرمانبەرانە بكرێنە هەمیشەیی ناتوانن وەك پێویست لە شوێنە بەتاڵەكان دەوامیان پێبكەین و ناتوانن بەئارەزووی خۆیان گواستنەوە و لەجێگەدانیان پێبكەن، بۆیە ئەو بابەتە بەهەموو شێوەیەك كۆتایی هاتووە و فەرمانبەری گرێبەست ناكرێنە هەمیشەیی.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this