وردەكاری گرتنەوەی ئاوی زێی بچوك لە لایەن ئێرانەوە

0
759

SNN-عەلی حەمەسەعید

ماوەی چەند مانگێكە ئێران بەتەواوی ئەو سەرچاوە ئاویانەی گرتووەتەوە كە دەرژێنە هەرێمی كوردستانەوە، لەو چوارچێوەیەشدا بەتەواوی ئاوی زێی بچووكی گرتوووتەوە، بەوهۆیەشەوە بەنداوی دووكان زەرەرمەندی یەكەمە لە گرتنەوەی ئەو ئاوە، بەڕێوەبەری بەنداوەکەش ئاماژە بەوەدەكات رۆژانە دوو سانتیمەتر ئاوی بەنداوەكە كەم دەكات و لە كۆی حەوت ملیار مەتر سێجا لە ئێستادا تەنها دوو ملیار مەتر سێجا ئاو گلدراوەتەوە.

كۆچەر جەمال، بەڕێوەبەری بەنداوی دووكان بە SNNی ڕاگەیاند: بەهۆی ئەوەی لایەنی ئێران بەنداوی كۆڵەسەی لەسەر ئاوی زێی بچووك دروست كردووە ماوەی چەند مانگێكە هیچ بڕەئاوێك لە ئێرانەوە نایەتە زێی بچووك و ناڕژێتە ناو بەنداوی دووكان لە كاتێكدا زێی بچووك یەكێكە لە لقە سەرەكییەكان كە دەڕژێتە ناو بەنداوی دوكان ئەمەیش كاریگەری خراپی لەسەر رێژەی ئاوی بەنداوەكە دروستكردووە.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەنداوی دووكان توانای گلدانەوەی حەوت ملیار مەترسێجا ئاوی هەیە بەڵام لە ئێستادا تەنها دوو ملیار مەتر سێجا ئاو لە بەنداوەكە گلدراوەتەوە رۆژانەش دوو سانتیمەتر ئاوی بەنداوەكە كەم دەكات، بۆیە پێویستە لایەنی پێوەندیدار و وەزارەت و لەسەر ئاستی باڵا لەگەڵ ئێران بێنەسەرهێڵ بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارەیكی گونجاو، هاوكات ئەوەش دەزانین كە هێشتا كاتی زۆرمان لەبەردەستدا ماوە بۆباران بارین، بەڵام واباشترە هەرلە ئێستەوە خۆمان بۆ هەرحاڵەتَكی نەخوازراو ئامادەبكەین.

لای خۆشیەوە زانا عوسمان، بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئاوی خاس لە قەڵازێ بە SNNی ڕاگەیاند: بەهۆی گرتنەوەی ئاوی زێی بچوك لەلایەن ئێرانەوە تاڕادەیەك گرفتی ئاوی خواردنەوەی بۆ قەڵازێ دروستكردووە، هاوكات زێی بچووك سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی  70 هەزار هاووڵاتی قەڵادزێیە، ئەمە جگە لەوەی ئاودێریی كشتوكاڵی سنوورەكەی لەسەر زێیەكەیە، بەڵام لەم كاتەدا ژمارەیەك لە كانییەكان بوژاونەتەوە و ئاوەكەیان دەڕژێتە ناو چەمەكە، ئێمەیش سوودی لێ وەردەگرین و هەندێك لە كانییەكانیش پێشتر هیچ گرفتیان نەبووە وئاوی پێویست هەیە بۆ خواردنەوە.

هاوکات حسێن حەمەكەریم، وتەبێژی وەزارەتی كشتكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بۆ SNNی ڕوونكردەوە، بابەتی گرتنەوە و بەردانەوەی ئاوی بەنداوەكان بابەتێكی سیادییە و دەبێت لەسەر ئاستی حكومەتی عێراق و ئێران كاری لەسەر بكرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو هەمیشە لە هەوڵی چارەسەركردنی ئەو گرفتانەدابووە ئێرانیش بەڵێنی ئەوەی بە وەزیری كشتوكاڵ داوە كە دابنیشن و ئەو بابەتە چارەسەر بكەن، بەڵام تائێستا  وادەی ئەو كۆبوونەوەیە دیاری نەكراوە.

 

 

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this