ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر: ئەوەی لە هەولێر ڕوویدا كەمتەرخەمی بەرپرسانیشی تێدابوو

0
735

SNN-عەلی حەمە سەعید

ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ئاماژە بەوەدەكات: ئەوەی لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوو لە شاری هەولێر ڕوویدا بەتەنها كارەساتێكی سروشتی نەبوو بەڵكوو بەشێكی پەیوەندی بە كەمەتەرخەی بەرپرسانی ئیداری سنوورەكەوە هەبووە و دەبێت سەرجەمیان ڕووبەڕووی دادگا بكرێنەوە و قوربانیەكان بە شەهید ئەژماربكرێن و بەزیادەوە قەرەبووی زیانلێكەوتووانیش بكرێتەوە. 

عەبدولرەحمان موهەندیس، ئەندامی ئەنجومەبی پارێزگای هەولێر بە SNNی ڕاگەیاند: ئەوەی لە شاری هەولێر ڕوویدا بەهۆی لافاوەوە ئەو هەموو زیانە گیانی و مادییە تۆماركرا بەتەنها كارەساتێكی سروشتی نەبوو، بەڵكوو بەشێكی زۆری پەیوەندی بە كەمتەرخەمی لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەولێرەوە هەیەو ئێمە بەشێوەیەكی مەیدانی سەردانی ناوچە زیانلێكەوتووەكانمان كردووە و بۆماندەركەوتووە كە بەرپرسانی ئیداری سنورەكە كەمتەرخەمبوون لە ئاست بەدەمەوەچوونی هاووڵاتیان.

ئاماژەی بەوەشكرد: دەبوو ئیدارەی پارێزگای هەولێر و بەرپرسانی شارەوانی بەشێوەیەكی باشتر خۆیان بۆ ئەو جۆرە ڕووداوانە ئامادەبكردایە لەكاتێكدا چەند ڕۆژێك پێش ڕوودانی لافاوەكە كەشناسی هەرێم هۆشداری دابوو لە ڕوودانی لافاو بارینی بڕێكی زۆر باران،  بۆیە بەدڵنیاییەوە ئەگەر پێشتر ئامادەكاری بكرایە زیانەكان بەو قەبارە گەورەیە نەدەبوون كە ببێتە هۆی گیان لەدەستدانی زیاد لە 12 كەس.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای هەولیر جەختی لەوەشكردەوە: ئێمە یاداشتی تایبەت بەخۆمان دەنوسین و ئاراستەی لایەنە پەیوەندیداری دەكەین بۆ ئەوەی ئەوكەسانەی كەمتەرخەمییان نواندووە ڕووبەڕووی دادگا بكرێنەوە و ئەوكەسانەشی لەو لافاوە گیانیان لەدەستداوە وەك شەهید تۆماربكرێن و هەموو ماف و ئیمیتازاتێكی شەهیدیان بۆ ببڕێتەوە و زیانلێكەوتوانیش بەزیادەوە قەرەبوو بكرێنەوە.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this