پوتین: ئەمریکا بە مووشەکەکانیەوە هاتووەتە ماڵمان

0
702

SNN

ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند کە ناتۆ لەسەر بەڵێنی خۆی نەبوو بۆ پەلنەهاویشتنی بەرەو خۆرهەڵات و پێویستە دەستبەجێ گەرەنتی بدەن لەبارەی ئاسایشەوە.

ڤلادیمیر پوتین لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی ساڵانەدا کە لە مۆسکۆی پایتەخت سازی کرد، هەڵسەنگاندنی بۆ ئەگەری هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا کرد.

سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەوەی کە ئایا دەتوانن گەرەنتی بدەن لەوەی هێرش نەکەنە سەر ئۆکراینا یان وڵاتێکی دیکەی خاوەن سەروەریی، یاخود ئەوە بەند دەبێت بە دانوستانەکانی نێوان رووسیا لەگەڵ ئەمریکا و ناتۆ لەبارەی گەرەنتی ئاسایشی هەمەجۆر؟ وتی: ”کارەکانمان پشت بە ئاراستەی هێڵی دانوستانەکان نابەستێت، بەڵکو بەندە بە دابینکردنی بێ مەرجی ئاسایشی رووسیا لەمڕۆ و بەدرێژایی مێژوو. پەیوەست بەوەش بەباشی ئەوەمان روونکردۆتەوە کە پێشکەوتنی ناتۆ بۆ خۆرهەڵات قبوڵ ناکرێت. چی لەمەدا هەیە کە لێی تێنەگەن؟ ئایا ئەوە ئێمەین لە نزیک سنووری ئەمریکا مووشەک جێگیر دەکەین؟ نەخێر. ئەمریکا بە مووشەکەکانیەوە هاتووەتە ماڵمان. ئیدی ئەو مووشەکانە لە لێواری ماڵەکەمانە. ئایا داواکاری بۆ جێگیرنەکردنی مووشەکی هێرشبەر لە نزیک ماڵەکەمان ناڕەوا و ناپێویستە؟ چ شتێکی نایاسایی لێرەدا هەیە؟”

ڤلادیمیر پوتین وتیشی: ‘ئەگەر مووشەکەکانمان لە سنووری کەنەدا و ئەمریکا، ئەمریکا و مەکسیک جێگیر بکردایە ئەمریکا چ کاردانەوەیەکی دەبوو بۆ ئەوە؟ ئایا کێشەی خاک لەنێوان مەکسیک و ئەمریکا رووی نەدا؟ باشە، کالیفۆرنیا، تێکساس پێشتر سەربە کێ بوون؟ ئایا ئەوەتان بیرچوو؟”

سەرۆکی رووسیا ئاماژەی بەوە کرد بیریان نەچووەتەوە کە ئۆکراینا چۆن دروست بووە و وتی: ”ڤلادیمیر لینین کاتێک یەکێتیی سۆڤیەتی دروست کرد، ئۆکرایناشی دروست کرد”.

ڤلادیمیر پوتین جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەو دانوستانەنی لەنێوان رووسیا لەگەڵ ئەمریکا و ناتۆ دەکرێن دەرەنجامەکانی گرنگە بۆیان نەک ئاراستەی هێڵەکەی و وتی: ”ناتۆ لە نەوەدەکان (سەدەی بیستەم)دا، بەڵێنی پێداین کە بەرەو خۆرهەڵات پێشڕەوی نەکات”.

وتیشی: ”بێ روویانە ئێمەیان فریودا. ئێستا ناتۆ پێنج جار فراوان بووە. ئێستا لە رۆمانیا و پۆڵەندا مووشەک جێگیر دەکرێت. ئێمە هەڕەشە لە کەس ناکەین. ئایا ئەوە ئێمەین چووینەتە سنووری ئەمریکا یان بەریتانیا؟ ئەوان هاتوون بۆ ئێمە. ئێستا دەڵێن ئۆکرایناش دەخەنە سەر ناتۆ. ئەو کاتە سیستمی هاوشێوە لە ئۆکرایناش دەبێت یان بنکە و سیستمەکانی هێرشکردن لە ئاستی دووانیدا لەوێ دەبن. ئێوە گەرەنتیتان لە ئێمە دەوێت. پێویستە ئێوە دەستبەجێ گەرەنتی بدەنە ئێمە”.

 

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this