جەمال كۆچەر: ناردنی 200 ملیار دینارەكە پەیوەندی بە یاسای بودجەوە نیە

0
698
جەمال کۆچەر

SNN-عەلی حەمەسەعید
ئەندامێكی لیژنەی دارایی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوەدەكات، ناردنی 200 ملیار دینارەكە بەگوێرەی رێكەوتنێك نێردراوە كە لە نێوان هەولێرو بەغدا واژۆكراوە كە بۆ موچەخۆرانی هەرێم خەرج دەكرێت، بۆیە ناردنی ئەو بڕە پارەیە پەیوەندی بە پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021ەوە نییە و هیچ بەڵگەیەكیش نییە بۆ بڕینی لە ساڵی نوێدا

جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و كاندیدی دەرچووی خولی داهاتوو بە SNNی راگەیاند: هیچ بەڵگەیەكی رەسمی نیە لەسەر ئەوەی خەرجكردنی 200ملیارەكەی هەرێم لەلایەن حكومەتی فیدراڵ لە ساڵی نوێ‌ دەوەستێت، چونكە ناردنی ئەو پارەیە پەیوەندی بە یاسای بودجەوە نیە، بەڵكو ناردنی ئەو پارەیە بەگوێرەی رێكەوتنێكە كە لە نێوان هەولێر و بەغدا واژۆكراوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، لەسەروبەندی پەسەندكردنی یاسای بودجەی 2021ی عیراق، هەردوولایەنی هەرێم و بەغدا لەسەر ناردنی بڕێك پارە  بۆ موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان رێكەوتن، تا ئەو كاتەی پرسی خەرجی و داهات لە دۆسیەی نەوت و داهاتەكانی ناوخۆ یەكلادەكرێتەوە، بەوتەی هەردولاش تا ئێستا ئەو بابەتە یەكلایی نەكراوەتەوە.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، بۆئەوەی لەساڵی داهاتوو ناردنی ئەو 200ملیارە بەردەوام بێت، دەبێت حكومەتی هەرێم جەخت لەبەردەوامی ناردنی ئەو پارەیە بكاتەوە، چونكە ئەوە پەیوندی بە موچەی فەرمانبەرانەوە هەیە و نابێت تێكەڵ بە پرسە سیاسییەكان بكرێت.

وتەكانی ئەو پەرلەمانتارە لەكاتێكدایە كە ماوەی چەند ڕۆژێكە لە هەندێك لە دەزگاكانی ڕاگەیاندنەوە و بە پشتبەستن بە لێدوانێكی بریكاری پێشووی وەزیری دارایی عێراق باس لە بڕینی 200 ملیارەكەی هەرێم دەكرێت لەلایەن بەغداوە، بەو پێیەی ساڵی داهاتوو كۆتایی بە كارپێكردن بە یاسای بودجەی 2021 دێت، بەمەش حكومەتی فیدراڵ پابەندی ناردنی ئەو بڕە نابێت كە بۆ موچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی ناردووە

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this