“ئەوەی دوێنی لەپەرلەمانی عێراق ڕوویدا پارتی پێشتر بەرنامە ڕێژی بۆكردبوو”

0
763

SNN-عەلی حەمە سەعید

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی ئاماژە بەوەدەكات ئێمەو یەكێتی واڕێككەوتبووین كە پێكەوە كاری هاوبەش بكەین، بەڵام وادیارە ئەوەی دوێنێ‌ ڕوویدا پێشتر بەرنامەڕێژی بۆكرابوو ئەنجامەكەشی پەرتەوازەكردنی نێوماڵی كورد بوو لەكاتێكدا پارتی هەمیشە بانگەشەی ئەوەی دەكرد كە دەبێت كورد یەك ڕیزو یەك دەنگ بیت بەڵام بۆخۆی پێشێلی ئەوەی كرد و هەر نەهامەتییەش بەسەر گەلی كورد بێت پارتی لێی بەرپرسە.

ئاراس محەمەد ئاغا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نشتیمانی كوردستان بە SNNی ڕاگەیاند: بارودۆخی سیاسی عێراق و هەرێمی كوردستان بەجۆرێكە كە نەدەكرا هێزێكی سیاسی كوردی بەناوی گەلی كوردەوە هاوكێشەسیاسییەكان لەبەرژەوەندی تایبەتی خۆی یەكلا بكاتەوە، چونكە لەڕووی نێودەوڵەتیشەوە كۆتاییەكەی ئەنجامێكی باشی نابێت، چونكە ئێستاشی لەگەڵدا بێت كورد لەبەردەم هەڕەشەداین، دەبوو ئێمە ئەو هەڕەشانەمان لەماڵی خۆماندا تاوتوێ‌ بكردایە و كۆتاییمان پێبهێنایە، بەڵام بەداخەوە پارتی كارێكی كرد كە نەك كێشەكانمان چارەسەر نەكرد بەڵكوو كوردیان كردە بەشیك لە كێشەكانی عێراق.

ئاماژەی بەوەشكرد، پارتی هەمیشە بانگەشەی ئەوەیان دەكرد كە گوایە دەبێت یەكڕیزی كورد بپارێزین و بەهاوبەشی لەگەڵ یەكێتی بچنە بەغدا، بەڵام بەداخەوە بینیمان كە لەبەرژەوەندی تایبەتی خۆیان و حزبەكەیان پێشێلی ئەو دروشمەكیان كرد، بۆیە زۆر گرنگە پارتی بە سیاسەتی خۆیدا بچێتەوە، چاوی لەوەنەبێت چەند كورسییەكی لە یەكێتی زیاترە و هەرچی بیەوێت دەیكات بەڵكوو یەكێتی خاوەن سەنگ و پێگە و قورسایی خۆی هەیە وەك هێزێكی بەرپرسیار مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە دەكات و بەرژەوەندی حزبی و تایبەتی ناخاتە پێش بەرژەوەندییەكانی گەلەكەمان.

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی ئەوەشی خستەڕوو، بەدڵنیاییەوە یەكێتی نابێتە بەشێك لەو كێشە قوڵەی كە لە عێراق دەگوزەرێت، چونكە ناكرێت سێ‌ هێزی وەك پارتی و بەشێك لە سونە و سەدرییەكان حوكمی عێراق بكەن و هێزەكانی دیكە پەراوێزبخرێن چونكە واقیعێل لە عێراق هەیە كە ناكرێت زیاد لە 60 هەزار هێزی چەكداری حەشدی شەعبی حسابی بۆ نەكرێت ئەمە كارەسات بەدوای خۆیدا دەهێنێت و پارتیش بەرپرسیارە لە هەر نەهامەتییەك بەسەر گەلەكەماندا بێت لەداهاتوودا.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this