داوا لە هاووڵاتیان دەکرێت ژەمی سێیەمی ڤاكسین وەربگرن

SNN-عەلی حەمە سەعید
سەرپەرشتیاری تیمی كۆرۆنا لەپارێزگای سلێمانی ئاماژە بەوەدەكات بەمەبەستی زیاتر كۆنترۆڵكردنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناو كەمكردنەوەی ژمارەی توشبوون بەو جۆرە نەخۆشییە و هاوكات ڕێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ئۆمیكرۆن، داوا لەو هاووڵاتیانە دەكەین كە دوو ژەمی ڤایرۆسی كۆرۆنایان وەرگرتووە ژەمی سێیەمیش وەربگرن بۆ ئەو مەبەستە هەموو كارئاسانیەكیان بۆ دەكەین.
د. هێرش حەیدەر، سەرپەرشتیاری تیمی كۆرۆنا لەپارێزگای سلێمانی بە SNNی ڕاگەیاند: هێشتا حاڵەتەكانی توشبوون بە كۆرۆنا و بڵاوبوونەوەی ئۆمیكرۆن لە هەرێمی كوردستان و پاریزگای سلێمانی لە ئاستیكی بەرزدان و پێشبینیش دەكەین كە ئەو ژمارە ڕوو لە بەرز بوونەوە بكات، بۆیە ئێمە داوا لەو هاووڵاتیانە دەكەین كە دوو ژەمی ڤاكسینی كۆرۆنایان وەرگرتووە و شەش مانگی بەسەردا تێپەڕیوە، پێویستە ژەمی سێهەمیش وەربگرن تا زیاتر پارێزراوبن لە ڤایرۆسە جۆراوجۆرەكانی كۆرۆنا.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەماوەی رابردوودا وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان بە رەسمی دەستپێكردنی وەرگرتنی ژەمی سێهەمی ڤاكسینی دژ بەكۆرۆنای راگەیاند و داوای لەهاووڵاتیان كرد هەر كەسێك كە ماوەی شەش مانگی بەسەر وەرگرتنی ژەمی دووهەم تێپەڕیبێت دەتوانن لە هەمان سەنتەری پێدانی ڤاكسین ژەمی سێهەمیش وەربگریت.
سەرپەرشتیاری تیمی كۆرۆنا لەپارێزگای سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، داوا لە هاووڵاتیان دەكەین پابەندبن بە وەرگرتنی دۆزی سێیەم و تا دەشتوانن ڕێكارەكانی خۆپارێزی توند بكەنەوە ئێمەش لای خۆمانەوە هەموو كارئاسانییەكیان بۆ دەكەین و بە گرنگیشی دەزانین كە بەرگری بەكۆمەڵ لە دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا و جۆرەگۆڕاوەكانی دروستببێت.

