دوو ساڵ بەسەر دەستگیركردنی ژمارەیەك ڕۆژنامەنووس و چالاكوانی بادینان تێدەپەڕێت

SNN-عەلی حەمە سەعید
بڕیاردەری لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لە مافەكانی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان، ئاماژەی بەوەدەكات ڕەخنە گرتن لای دەسەڵات هێڵی سوورە، دەنگی ئازاد كپدەكات و ڕێگەنادات ڕەخنەی لێبگیرێت ئازادیی ڕادەربڕین تەنها وشەیەكی بریقەدارە، ئەوەش دوای ئەوەی دوو ساڵ بەسەر دەستگیركردنی ژمارەیەك ڕۆژنامەنووس و چالاكوانی بادینان تێدەڕێت.
بەدریە ئیسماعیل، بڕیاردەری لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكییكردن لە مافەكانی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان بە SNNی ڕاگەیاند: دەسەڵات پێیوایە ڕەخنە گرتن هێڵی سورە، لە كوردستاندا ئازادیی ڕادەربڕین تەنها وشەیەكی بریقەدارە، دەبینین ڕۆژانە دەنگی جیاواز و ڕای جیاواز كپدەكرێت، ئەوەی كە هەیە پێچەوانەی مافەكانی مرۆڤە، دەسەڵات نایەوێت دەنگی ئازاد هەبێت.
ئاماژەی بەوەشكرد،لە هەرێمی كوردستان بنەماكانی مافی مرۆڤ جێبەجێ ناكرێت و ئازادیی لە نووسین و ڕەخنەگرتن و ئازادیی ڕۆژنامەگەریی لای دەسەڵات هێڵی سوورە، دەسەڵات فرە ڕەنگی و ڕای جیاوازی قبوڵ نیە، لەكاتێكدا بە گوێرەی ئامارەكانی سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان لە ساڵی ڕابردوودا، ٣٥٣ پێشێلكاری بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان و دەزگاكانی ڕاگەیاندن ئەنجامدراوە و چوار ڕۆژنامەنوسیش لەدەرەوەی یاسای ڕۆژنامەگەری سزا دراون.
وتەكانی ئەو پەرلەمانتارە لەكاتێكدایە كە دوو ساڵ تێدەپەڕت بەسەر دەستگیركردنی نزیکەی 100 ڕۆژنامەنوس و چالاكوان لە لایەن بەرپرسانی پارێزگای هەولێر و دهۆك و تائێستاش نەتواندراوە دۆسییەكانیان یەكلایی بكرێتەوە.

