لەبری حكومەت فەرەنسا هاوكاری بەركەوتووانی چەكی كیمیایی هەڵەبجە دەكات

0
571

SNN-عەلی حەمە سەعید
لەبری ئەوەی حكومەت و وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكە هاوكاری كەرتی تەندروستی هەڵەبجە بكەن، بەڵام ماوەی زیاد لە 10 ساڵە رێكخراوێكی ئەڵمانی هاوكاری بەركەوتووانی چەكی كیمیایی كردووەو لەمەودواش فەرەنسا دەستبەهاوكارییەكانی دەكات بۆ بەركەوتووانی چەكی كیمیایی و كەرتی تەندوستی هەڵەبجە، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجەش ئاماژە بەوەدەكات فەرەنسا ئامادەیی بۆ هاوكاریكردنی كەرتی تەندروستی هەڵەبجە دەربڕیوە.

د. ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە بە SNNی ڕاگەیاند: نەخۆشخانەی چارەسەری بەركەوتوانی چەكی كیمیایی هەڵەبجە بەردەوام پێویستی بە هاوكاری و دابینكردنی پێداویستیەكانی هەیە چەند ساڵێكیشە لەلایەن ڕێكخراوێكی ئەڵمانییەوە لە بواری پێداویستی پزیشكیدا هاوكاری دەكرێت و ئێستا ئەو ڕێكخراوە ئەڵمانییە كۆتایی بە كارەكانی هێناوە و وڵاتی فەرەنسا لە ڕێگەی دوو ڕێكخراوەوە ئەركی هاوكاریكردنی گرتووەتە ئەستۆ.

ئاماژەی بەوەشكرد، وڵاتی فەرەنسا لەڕێگەی ئەو دوو ڕێكخراوەوە مەشق و ڕاهێنان بە كارمەندانی نەخۆشخانەی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی هەڵەبجە دەكەن و هاوكات لەناوبردنی پاشەڕۆی پزیشكی سنورەكە بە شێوەیەكی گونجاو تەندروست لە ئەستۆ دەگرن، ئەوە سەرەڕای ئەوەی پیشكەشكردنی چارەسەری سروشتی بۆ بەركەوتووەكان ئەنجام دەدەن.

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە ئەوەشی خستەڕوو، لە ئایندەیەكی نزیكدا دەستبەكاروبارەكان دەكرێت و هاوكات لە نزیكیشەوە باڵوێزی فەرەنسا لەعێراق و كونسوڵی گشتی فەرەنساش لە هەرێمی كوردستان سەردانیان كردوین و دڵنیایان كردینەوە كە هاوكارێكی باشی كەرتی تەندروستی هەڵەبجە و چارەسەركردنی بەركەوتووانی چەكی كیمایی هەڵەبجە دەبن.

ئامادەیی فەرەنسا بۆهاوكاریكردنی كەرتی تەندروستی و بەركەوتووانی چەكی كیمایی هەڵەبجە لەكاتێكدایە كە حكومەتی هەرێم لە سەرجەم ڕووەكانەوە هەڵەبجەی پشتگوێ‌ خستووە ئەوەش نیگەرانی هاووڵاتیانی ئەو پارێزگایەی بەدوای خۆیدا هێناوە.

 

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this