“تەنها بە تەوافوق و شەراكەت دەتوانرێت دۆخی سیاسی عێراق رابگیرێت”

خولى پێنجهمى ئهنجوومهنى نوێنهرانى عێراق | فۆتۆ: راگهیاندنى پهرلهمانى عێراق
SNN – عەلی حەمە سەعید
ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایدهگهیهنێت: لەدوای پرۆسەی ئازادكردنی عێراق تائێستا بەڕێوەبردنی عێراق لەلایەن هێز و لایەنە سیاسییهكان بەشێوەی تەوافوق و شەراكەت بووە هەر ئەو جۆرە سیستمەش بۆ ئێستای عێراق سەركەوتوو دەبێت، دهشڵێت: “دیموكراسی لە عێراق هێشتا زۆری ماوە بگات بەوەی چەند هێزێك بە ئۆپۆزسیۆن بمێننەوە و چەند هێزێكی دیكە لە دەسەڵاتبن”.
رابحە حەمەد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نيشتیمانیی كوردستان بە SNNی راگەیاند: “هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكان ئەو راستییە بە باشی دەزانن كە لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە تائیستا بەشێوەی تەوافوق و بەشداری هێز و لایەنە سیاسییەكان لە سەرجەم پێكهاتەكان عێراق بەڕێوەبراوە، تاڕادەیەكی باشیش سەركەوتوو بوون لەو شێوازە بەڕێوەبردنە، چونكە هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبیەكانی عێراق بەشداربوون لە پرۆسەی سیاسی عێراق”.
وتیشى: “فەرامۆشكردنی هەندێك هێزی سیاسی و پەنابردن بۆ بژاردەی ئۆپۆزسیۆن بۆ ئەمڕۆی عێراق سەركەوتوو نابێت، چونكە دیموكراسی لە عێراق نەگەیشتووەتە رادەیەك كە هەندێك هێزی كاریگەری نێو گۆڕەپانی سیاسی عێراق كە خاوەن هێزی چەكدارین ببنە ئۆپۆزسیۆن و لە بەرامبەردا هەندێك هێزی دیكە لە دەسهڵاتبن، بۆیە ئەگەر ئەوەش رووبدات ئەو هێزانەی كە بەشداردەبن لە دەسەڵات ناتوانن حكومەتێكی بەهێز پێكبهێنن تەمەنی حكومەتەكەشیان كورتدەبێت”.
ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی ئەوەشی خستەڕوو: “لە دەستووری عێراقیشیدا بەڕوونی باس لە بەشداری هەموو ئاین و پێكهاتە جیاوازەكانی عێراق كراوە كە دەبێت بەشداربن لە بەڕێوەبردنی عێراق و پرۆسەی سیاسی لە وڵات، بۆیە تێكدانی ئەم جۆرە سیستمە لە ئێستای عێراقدا ئاكامێكی باشی نابێت بۆ هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی كوردستان”.

