“پلانمانداناوه‌ بۆ گۆڕینى سروشتى كارى حزبایه‌تى به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵكى بێت”

0
639

SNN – عەلی حەمە سەعید
لێپرسراوی مەكتەبی رێكخستنی یەكێتیی نيشتمانیی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت: بە ئامانجی نوێبوونەوە و كاركردن لەپێناو زیاتر رێكخستنەوەی ئۆرگانەكانی یەكێتیی پلانی تایبەتمانداناوە، ده‌شڵێت: “ده‌مانه‌وێت سروشتى كارى حزبایه‌تى بگۆڕین به‌شێوه‌یه‌ك كه‌له‌ به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵكى كوردستان بێت”.

سەركەوت زەكی، لێپرسراوی مەكتەبی رێكخستنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە SNNی راگەیاند: “ئەو پلان و بەرنامەیه‌ى كە لە مەكتەبی رێكخستنی یەكێتی دامانڕشتووە هۆكارێك دەبێت بۆ زیاتر گەشەپێدانی یەكێتی و رێكخستنەوەی زیاتری ئۆرگانە جیاوازەكانمان، به‌ڕێز بافڵ جەلال تاڵەبانی لە نزیكەوە سەردانیكردووین و پشتیوانی و پاڵپشتی خۆی بۆ پلانەكەمان دەربڕیووە، ئه‌مه‌ش وادەكات ئێمە زیاتر سووربین لەسەر جێبەجێكردنی پلانەكەمان”.

ئه‌و به‌رپرسه‌ى یه‌كێتيى نیشتمانيى كوردستان زیاتر ئاماژه‌ به‌و گۆڕانكارییانه‌ ده‌كات كه‌ ده‌یانه‌وێت ئه‌نجامیانبده‌ن و ئه‌وه‌شده‌خاته‌ڕوو: “ئێمە پلانمان داناوە بۆ بوژاندنەوەی ژیانی حزبایەتی و گۆڕینی سروشتی كاری حزبایەتی كە لە بەرژەوەندی هەموو كۆمەڵانی خەڵكی كوردستاندا بێت، بۆ ئەم مەبەستەش خۆمان ئامادەكردووە كە هەنگاوبەهەنگاو لەو پرۆسەیدا بچینەپێشەوە”.

سەركەوت زەكی باسى له‌ قۆناغى داهاتووى كاركردنى حزبه‌كه‌ى ده‌كات و ده‌شڵێت: “بەڵێن بە هەموو ئەندامان و لایەنگرنی یەكێتيی نیشتمانيی كوردستان و هاووڵاتییان دەدەین كە قۆناغی داهاتووی كاركردنی یەكێتی لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستاندا دەبێت و یەكێتی دەكه‌ینەوە بە حزبی خەڵكی كوردستان”.

وتەكانی لێپرسراوی مەكتەبی رێكخستنی یەكێتی نيشتمانی كوردستان لەكاتێكدا كه‌ ئه‌و حزبه‌ ئاماده‌كارییه‌كانى ده‌ستپێكردووه‌ بۆ ئه‌نجامدانى دیدارى یه‌كێتى و مه‌به‌ستى سه‌ره‌كى دیداره‌كه‌ بۆ دیاریکردنی سیاسه‌ت و دیدی یه‌كێتییە له‌م قۆناغه‌ نوێیه‌دا، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى هه‌وڵێكیشه‌ بۆ نوێبوونه‌وه‌ و چاكسازی و به‌هێزكردنی پێگه‌ی یه‌كێتی.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this