هەموو دەسەڵاتەکانی خۆمان دەخەینە کار بۆ چاککردنی سیستمی دابەشکردنی مووچە

ئازاد محەمەد ئەمین
SNN
ئازاد محەمەد ئەمین سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند:” لە دوای پشووەکانی نەورۆز بە پێی یاسا هەموو دەسەڵاتەکانی خۆمان دەخەینە کار، بۆ چاککردنی سیستمی دابەشکردنی مووچە، بۆ ئەوەی ئەوەی کە ڕوویداوە (گیانلەدەستدانی دوو خانەنشین لەسەرەی موچەدا) جارێکی تر ڕوونەداتەوە، دەشڵێت” بەڕاستی مرۆڤ ئازار بە ناوی دڵی دەگات کاتێک ئەو خانەنشینانە دەبینێت بە کاتژمێر 2ی شەو هاتووە سەرە دەگرێت بۆ مووچە، دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بەجدی وەڵامی ئێمە و هەموو خەڵک و خانەنشینان بداتەوە چونکە ئەگەر ئەمە چارەسەر نەکات پێمان وایە کارەساتی گەورەی بەدوادا دێت، خەڵک زیاتر تەحەمولی نەماوە. “
ئازاد محەمەد سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە دەنگی ئەمریکای وت “زۆر بە داخەوە ئەوە دەڵێم حکومەتی هەرێمی کوردستان تا ئەم ساتە وەختە سیستمێکی پێدانی موچەی ئەلیکترۆنی یا لە ڕێگای ئەژماری تایبەتی بانکەوە، نیە، ئەمە دوای سی ساڵ لە حکومڕانی کوردی نەتوانراوە سیستمی پێدانی مووچە نەک تەنها بۆ خانەنشینان بەڵکو بۆ هەموو مووچە خۆران و فەرمانبەران دابنرێت، هەرچەندە پێشتر سیستمی بایۆمەتری ئەوەی کە بەڕێز(جێگری سەرۆکی حکومەت) سەرپەرشتی دەکرد ئەوە تەنها بۆ زانیاری مووچەخۆران و دۆزینەوەی دوو موچە و سێ مووچە نەبوو بەڵکو ئەوە لە قۆناغی دووەم کردنەوەی ئەژماری بانکی بوو بۆ فەرمانبەران، بەداخەوە ئەوە وەک خۆی جێ بەجێ نەکرا، دووەم ئێمە وەک هەرسێ ئەنجومەنی پارێزگاکان لە سەروبەندی سەرهەڵدانی پاشەکەوتی مووچە ڕێککەوتین کە کۆبوونەوەیەک لە دیوانی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بکەین، کۆبوینەوە بڕیارماندا داواکاری و ڕاسپاردەکانمان بۆ ئەنجومەنی وەزیران بنێرین، ئەوکات داوامان کرد بە پێداچونەوە بە سیستمی پێدانی موچە، وە لە هەمانکاتدا ئەو موچانەی بۆ فەرمانبەران پاشەکەوت کراوە هەموو مووچەکانیان بچێتە ناو ئەو ئەژمارە تایبەتیەیانەوە بۆ ئەوەی هەر مووچە خۆرێک بزانێت چەندە لە مووچەکەی پاشەکەوت کراوە، بەداخەوە دوای ئەوەی ئەوە یاداشتی هەرسێ ئەنجومەن بوو کە حساب بکەن پەرلەمانی هەرێمە، بەداخەوە تا ئەم ساتە وەختە نە ئەوە چووە بواری جێ بەجێ کردنەوە نە قۆناغی دووەمی بایۆمەتریش چووە بواری جێ بەجێ کردنەوە.”
سەبارەت بە هۆکاری جێ بەجێ نەکردنی داواکارییەکانیان؟ سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وتی “من وەک خۆی دەیڵێم حکومەتی هەڕێم ئەوەندەی بڕوای بە مەرکەزییەت هەیە، ئەوەندە بڕوای بە لامەرکەزییەت نیە، ئەوەندەی بڕیارەکانی خۆیان بە دروست دەزانن ئەوەندە گرنگی نادەن بە بۆچون و پێشنیاری ئەنجومەنی پارێزگاکان، ئەمە بەشێکی بۆ پەرلەمانیش هەمان شت ڕاستە، لە ئێستادا ئێمە بە بەردەوامی چاودێری بارودۆخەکە دەکەین لە سنووری پارێزگای سلێمانی چاودێری دۆخەکە دەکەین، پێش ڕوودانی مردنی ئەو دوو خانەنشینە بەچەند ڕۆژێک یاداشتێک لە لایەن چەند ئەندامێکی ئەنجومەنەوە ئاڕاستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەن کراوە، بۆ ئەوەی ئێمە لایەنە پەیوەندیدارەکان بانگهێشت بکەین بۆ چارەسەرکردنی ئەو بڕە داهاتانەی دێتەوە بانکەکانی سلێمانی، وەهەم بۆ ڕێکخستنەوەی سیستمی پێدانی مووچە بەتایبەت مووچەی خانەنشینان کە لە ڕابردوو بە هاوینی گەرم و زستان ئەوان لە سەرەدا دەوەستان بۆ مووچە تا بەداخەوە پێرێ تووشی گیان لەدەستدانیش بوون.”
وتیشی “ئەوەشی پەیوەندیدار بێت بە نەمانی پارە لە بانکەکان خۆم پێرێ ڕاستەوخۆ پەیوەندیم پێوە کردن بەڵام بانکەکانیش دەڵێن بڕی پێویستی پارەمان بۆ نەهاتووە بەداخەوە.”
“ئەگەر حکومەتی هەرێم ئەمە چارەسەر نەکات پێمان وایە کارەساتی گەورەی بەدوادا دێت.”
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەوەشی وت “لە دوای پشووەکانی نەورۆز ئێمە وەک ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە پێی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2009 هەموو دەسەڵاتەکانی خۆمان دەخەینە کار، بۆ چاککردنی سیستمی دابەشکردنی مووچە، بۆ ئەوەی ئەوەی کە ڕوویداوە (گیانلەدەستدانی دوو خانەنشین لەسەرەی موچەدا) جارێکی تر ڕوونەداتەوە، بەڕاستی مرۆڤ ئازار بە ناوی دڵی دەگات کاتێک ئەو خانەنشینانە دەبینێت بە کاتژمێر 2 ی شەو هاتووە سەرە دەگرێت بۆ مووچە، یا ئەو خانەنشینانە دەست دەکەن بە گیرفانیاندا هەزار دینارییان پێیە، یا خانەنشینی وا هەیە سێ هەزاری پێبووە هاتووە بۆ وەرگرتنی موچەکەی ئەو سێ هەزارەی داوە بە تاکسی، کە هاتوشەتە بەردەم بانک وتویانە پارە نیە بۆ موچە، ئیتر نازانێت چۆن بڕواتەوە بەڕاستی ئەمانە هەمووی کارەساتە دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بەجدی وەڵامی ئێمە و هەموو خەڵک و خانەنشینان بداتەوە چونکە ئەگەر ئەمە چارەسەر نەکات پێمان وایە کارەساتی گەورەی بەدوادا دێت.”
لە وەڵامدا سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وتی “پێمان وایە ئیتر خەڵک لەمە زیاتر تەحەمولی نەکات.”
“من خۆم وەک مەوقیعی خۆم دەڵێم ئەوەی کە خەڵک دەنگی بۆ داین بۆ ئەوەی کار و داواکاری بۆ جێ بەجێ بکەین من دەڵێم نەمانتوانی ئەوە بکەین وەک خۆی، ئەمەش ئێمە توشی ئازارێکی زۆرمان دەکات، ناچار دەبین داوای لێبوردن بکەین، بەڵام ئەمە کەمتەرخەمی ئێمە نیە بەڵکو سیستمی حکومڕانیەکەیە کە ناهێڵێت ئەو یاسایەی پەرلەمان دەریکردووە و سەرۆکی هەرێم پەسەندی کردووە ناهێڵن هەر ئەو یاسایە جێ بەجێ بکەین”
“نەک جارێک هەزار جار داوای لێبوردن دەکەم”
“پەرلەمانیش دەبێت لە سەرۆکی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران بپرسێتەوە لەسەر ئەو حاڵەتانەی ڕوودەدات”
وتیشی” من وەک سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داوای لێبوردن لەسەرجەم دەنگدەرانی سنووری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەکەم کە ناهێڵن وەک خۆی یاساکەی ئەنجومەن جێ بەجێ بکەین و بچین بەدەم داخوازییەکانیانەوە، نەک جارێک هەزار جار داوای لێبوردن دەکەم، منیش و هەموو هاووڵاتیان دەزانین کە ئەم گرفتانە ڕاستەوخۆ پەیوەندی هەیە بە ئەنجومەنی وەزیرانەوە و ئەو لێی بەرپرسە، وە ئەوەش دەزانین کە هەموو ماددە یاساییەکان کە هەیە پارێزەرەکەی سەرۆکی هەرێمە دەبێت سەرۆکی هەرێم لێی بپرسێتەوە، پەرلەمانیش دەبێت لە سەرۆکی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران بپرسێتەوە لەسەر ئەو حاڵەتانەی ڕوودەدات، چونکە ئێمە وەک ئەنجومەنی پارێزگا ناتوانین بانگهێشت و لێپرسینەوە لە هیچ بەرپرسێک بکەین کە لەدەرەوەی سنوری ئەنجومەن بێت و لە هەولێر بێت، ئەمانە هەمووی لە دەسەڵاتی پەرلەمانە کە دەتوانێت بانگهێشتیان بکات و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکات.”
“منیش دەڵێم ئەی ئەو پارە زۆرەی گومرگی ئیبراهیم خەلیل کوا؟ ئەو پارە زۆرەی داهاتی نەوت کە ئێستا نرخی بەرمیلێک نەوت چۆتە سەرو 100$ وە، کوا، قسە زۆرە ئێمەش بیکەین؟”
دەربارەی نە گەڕانەوەی داهاتی سلێمانی کە بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی بەتایبەت لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان باسی لەوە دەکەن ئەوەش هۆکارە بۆ نەدانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەتایبەت سلێمانی؟
لە وەڵامدا ئازاد هەمەوەندی وتی” من چەندین جار خۆم لە گەڵ سەرۆکی لیژنەی دارایی قسەم کردووە ئەو بە بەڵگە و داتا هەموو ئەو دەنگۆیانی ڕەتکردۆتەوە، وە پارە لە هەولێرەوە نایەت بۆ سلێمانی بەڵکو هەموو ئەو پارانەی لەسەر سلێمانی و هەڵەبجە و ڕاپەڕینە حکومەتی هەرێم خۆی بڕەکەی دیاریکردووە دەبێت بگاتە وەزارەتی دارایی، ئامارەکان ئێمەش و بانکی ناوەندی هەرێمیش بڵاوییان کردەوە لە یانزە مانگی ساڵی 2021 دا تیرلیۆنێک و سەد و حەوت ملیار و دوو سەد و بیست و شەش ملیۆن دینار لە بانکی هەڕێم لە سلێمانی تەرخانکراوە بۆ موچە، لەگەڵ ئەو پارەیەی لە هەولێر تەرخان کراوە بۆ موچە، بەشێک لە پەرلەمانتارەکان باس لەوە دەکات کە مانگانە سلێمانی دەبێت 73 ملیار بدات، بەڵام بە پێی ڕێژەی ئەو یانزە مانگە بێت مانگانە بڕی سەد ملیار دینار لە بانکی سلێمانیەوە نێردراوە تەنها بۆ موچە کەواتە کێشەکە ئەوە نیە.”
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەوەشی وت” منیش دەڵێم ئەی ئەو پارە زۆرەی گومرگی ئیبراهیم خەلیل کوا؟ ئەو پارە زۆرەی داهاتی نەوت کە ئێستا نرخی بەرمیلێک نەوت چۆتە سەرو 100$ وە، کوا؟!خۆ دەبێت ئەمانە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی و سامانە سروشتییەکان وەڵام بدەنەوە.”
” بەداخەوە ئەو 78 ملیارەی سلێمانی بەچەک براوە بۆ هەولێر،، ئەمە خەسارەیە لە داهاتی سلێمانی، قسە زۆرە بیکەین ”
ئازاد هەمەوەندی وتیشی” بە نمونەیەک باسی دەکەم، کە پێرێ وترا پارەی پێویست نیە لە بانکەکانی سلێمانی بۆ موچەی خانەنشینان، پارەی داهاتی کارەبای سلێمانی کە 78 ملیار دینارە ، واتە هی بەڕێوبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی دەبێت لە بانکی سلێمانی تەسلیم بکرێت، ئەو کۆمپانیایە لەبەر ئەوەی قەرزاری حکومەتە ئەو بڕە پارەیەی نەهێناوە بۆ بانکی سلێمانی تەسلیمی بکات بەڵکو ڕاستەوخۆ ئەو پارەیەی بردووە لە هەولێر ڕادەستی کردووە کە ئەمە لە بودجەی پارێزگای سلێمانی ڕۆیشتووە، ئەگەر ئەو بڕە لە بانکی سلێمانی تەسلیم بکرایە هیچ گرفتێکی موچەی خانەنشینان نەدەبوو لەکاتی خۆی پێرێ موچە دەدرا بەخانەنشینان، بەداخەوە ئەو 78 ملیارەی سلێمانی بەچەک براوە بۆ هەولێر و لەبری قەرز لەو کۆمپانیایە وەرگیراوەتەوە، کە ئەمە خەسارەیە لە داهاتی سلێمانی، قسە زۆرە بیکەین.”
”چارەسەرەکان بۆ دابەشکردنی موچە”
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی سەبارەت بە چارەسەرکردن، وتی” بۆ ئێستا چارەسەر دەبێت یەکەم ژمارەی بانکەکانی کە موچەی خانەنشینی دابەش دەکەن زیاد بکرێت، دووەم پێش ڕاگەیاندنی دابەشکردنی موچە پارەی ئامادەکراو هەبێت و دەستکاری نەکرێت بدرێت بە موچە، سێیەم، بە پێی ژمارەی ناسنامەکانیش دەتوانرێت ئەو قەرەباڵەغیەی موچە کەم بکرێتەوە بۆ نمونە ڕۆژێک، یا لە بانکێک لە ژمارە 1-1000 موچە دابەشبکرێت بە پێی زنجیرە ژمارە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمانە هەمووی چارەسەری کاتین پێویستە لە بنەڕێتەوە چارەسەر بکرێت و پەلە بکرێت لە دروست کردنی ئەژماری بانکی و دابەشکردنی موچە بە ئەلیکترۆنی. ”
More News
-
نرخی زێڕ بەرز بووەوە
2 hours لهمهوپێش -
سەرایا سەلام وەک یەکەم گرووپ چەکەکانی ڕادەستی دەوڵەت کرد و هەڵوەشایەوە
2 hours لهمهوپێش -
نرخی مریشك دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی
23 hours لهمهوپێش
About Us
ئەرکمان پێدانی هەواڵی ڕاست و دروستە دەربارەی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، لە ڕێگەی ستانداردەکانمانەوە هەوڵ بۆ باشترینەکان دەدەین.
In Case You Missed
-
نرخی زێڕ بەرز بووەوە
2 hours لهمهوپێش -
سەرایا سەلام وەک یەکەم گرووپ چەکەکانی ڕادەستی دەوڵەت کرد و هەڵوەشایەوە
2 hours لهمهوپێش


