رۆژانە لە گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێل زياتر لە 135 مليۆن دينار دەچێتە خەزێنەی حکومەتەوە

0
612

SNN-عەلی حەمە سەعید

ماوەی زیاد لە مانگێكە وەزارەتی ناوخۆ بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی عێراق دەستیان بە گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێل كردووە، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانیش ئاماژە بەوەدەكات هێندە فشاری گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێلی تایبەتمان لەسەرە جارێ‌ نازانین كەی دەستدەكەین بەگۆڕینی تابلۆی كرێ‌ و بارهەڵگر.

بەختیار محەمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی بەSNNی ڕاگەیاند: لەسەرەتای دەستبەكار بوونمان بۆ گۆڕینی تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێل تا ئێستا فشارێكی زۆرمان لەسەرە كە لەتوانای ئەفسەرانی هاتووچۆماندا نییە سەرەڕای ئەوەی كاتی دەوامیشمان زۆر درێژكردووەتەوە هەندێك جار تا بانگی مەغریب ئەفەسەرانمان دەمێننەوە بۆ ڕایكردنی مامەڵەی هاووڵاتیان بەڵام هەر فریاناكەوین.

ئاماژەی بەوەشكرد: بەهۆی ئەو فشارە زۆرەی لەسەرمانە كە ڕۆژانە هەزاران ئۆتۆمبێلی تایبەت سەردانمان دەكەن بۆ گۆڕینی تابلۆكانیان، جارێ‌ دیار نییە كەی دەستدەكەین بە گۆرینی تالبلۆی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلی كرێ‌، بەڵام بەدڵنیاییەوە تابلۆی ئۆتۆمبێلی كرێ‌ و بارهەڵگریش بەهەمان شێوە دەستپێدەكات ئەوەش دوای ئەوەی فشارەكانمان لەسەر كەم بوویەوە لە گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێلی تایبەت.

هەرچەندە بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەكرد: كە بەهۆی سەرقاڵی ئەفسەران و كارمەندانی هاتووچۆ تائێستا نەتواندراوە ئامارێكی وردمان دەستبكەوێت لەسەر ژمارەی گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێل و بڕی داهات، بەڵام بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی SNN ڕۆژانە لەهەر یەكە لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگاكانی سلێمانی هەولێر و دهۆك بەلانی كەم 600 ئۆتۆمبێل تابلۆی نوێ‌ دەبەستن كە كۆی گشتی دەكاتە هەزار و 800 ئۆتۆمبێل لە ڕۆژێكدا لە هەرسێ‌ پارێزگاكەی هەرێم.

هەر بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی SNN بۆ گۆڕینی هەر تابلۆیەكی ئۆتۆمبێل بڕی 75 هەزار دینار وەردەگیرێت جگە لەوەرگرتنی پارەی سزا و نوێكردنەوەی ساڵانەی ئۆتۆمبێل، بەوجۆرەش ڕۆژانە لەهەر سێ‌ بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگاكانی هەرێم 135 ملیۆن دینار دەچێتە خەزێنەی حكومەتی هەرێم جگە لەو دوو ملیۆن دینارەی كە لەو هاووڵاتیانە وەردەگیرێت بەدڵی خۆیان داوای ژمارەی تابلۆی ئۆتۆمبێل دەكەن.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this