خراپی و گرانی بەنزین خواستی گۆڕینی سیستمی ئۆتۆمبێلی بۆ غاز زیاد کردووە

0
782

SNN-عەلی حەمە سەعید

هەرچەندە ماوەی چەند ساڵێكە لە هەرێمی كوردستان لەلایەن كۆمپانیا و كەسانی شارەزاوە دەستكراوە بە گۆڕینی سیستەمی سوتەمەنی ئۆتۆمبێل لە بەنزینەوە بۆ غاز، بەڵام لە ئێستادا خواست لەسەر ئەو كارە زیادیكردووە، بەوتەی شۆفێران و شارەزایانی بوارەكە لەڕووی سەلامەتی و ئابووری و ژینگەییەوە گۆڕینی ئەو سیستەمەی سودی زۆرە.

سەركۆ عارف، یەكێك لەو شۆفێرانەی كە سیستەمەی ئۆتۆمبێلەكەی لە بەنزینەوە كردووە بە غاز بە SNNی ڕاگەیاند: هەرچەندە پێشتر چەند هاوڕێیەكم ئەو كارەیان كردبوو باسیان لە تایبەتمەندی و سودەكانی دەكرد، بۆیە منیش بە باشم زانی لەم كاتەدا كە كوالیتی بەنزین زۆر باش نییە و هەروەها نرخی بەنزینیش بەراورد بە غاز زۆر بەرزە، سیستەمی سوتمەنی ئۆتۆمبێلەكەم بگۆڕم بە غاز و ماوەی نزیكەی مانگێگە ئەو كارەم كردووە و زۆر سەركەوتووە و زۆریش سودم لێوەرگرتووە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ڕاستە لەسەرەتادا نزیكەی 500 دۆلار خەرجدەكرێت تا ئەوەندە سیستەمەكە دادەنرێت بۆ ئۆتۆمبێلەكە، بەڵام دواتر لەرووی سەلامەتی و ژینگەیی و ئابووریشەوە سودی زۆرم لێوەرگرتووە، چونكە لەلایەن بەنرخێكی كەمتر غاز دەكڕم كە لیترێك نزیكەی 500 دینار دەكەوێت، لەلایەكی دیكەشەوە كاتێك بە غاز كار بە ئۆتۆمبێلەكەم دەكەم پێویست ناكات فیول پەمپی بەنزین و هەروەها چەند بەشێكی دیكەی ئۆتۆمبێلەكە كاربكات و لەرووی ژینگەیشەوە دۆستی ژینگەیە و هەوا پیس ناكات.

نەجمەدین مەحمود، یەكێك لەو وەستایانەی كە ماوەی چەند ساڵێكە دەستیكردووە بە گۆڕینی سیستەمەی سوتەمەنی ئۆتۆمبێل لە بەنزینەوە بۆغاز بە SNNی ڕاگەیاند: ماوەی زیادلە مانگێكە بەڕێژەی لە %50 ژمارەی ئەو كەسانە زیادیكردووە كە دەیانەوێت سیستەمی سوتەمەنی ئۆتۆمبێلەكانیان بگۆڕن، بەتایبەت ئەو ئۆتۆمبیلانەی كە شەش بستۆنن زیاتر سەردانمان دەكەن چونكە بڕێكی زیاتر بەنزین بەكار دەهێنن، هاوكات لەكاتی دانانی سیستەمی غاز بۆ ئۆتۆمبێل ئێمە سیستەمی بەنزین لانابەین.

ئەو وەستایەی گۆڕینی سیستەمی سوتەمەنی ئۆتۆمبیل لە بەنزینەوە بۆ غاز ئەوەشی خستەڕوو، نرخی تێچووی دانانی سیستەمی غاز نزیكەی 500 دۆلارە ئەوانیش چەند جۆرێكن وەك ئێرانی و ئیتالی و توركی و چەند جۆرێكی دیكە، بەڵام سەركەوتووترینیان سیستەمی توركییە، هاوكات هەر كات غاز لە ئۆتۆمبیلەكەدا نەما ڕاستەوخۆ بەشێوەیەكی ئاسایی ئۆتۆمبێلەكە دەچێتەوە سەر سیستمەی بەنزین و تاڕادەیەكی زۆریش كارەكە سەركەوتنی بەدەستهێناوە و شۆفێران لە سیستەمەكە ڕازین و چەند وێستگەش كراونەتەوە تایبەت بە تێكردنی غاز بەو ئۆتۆمبیلانەی سیستەمی غاز بەكاردەهێنن.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this