لە ئەمڕۆوە ڕێگە بە بازرگانان دەدرێت بەبێ‌ پێدانی باج و گومرگ بەنزین هاوردە بكەن

0
401

SNN-عەلی حەمە سەعید

وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی ئاماژە بەوەدەكات: لە ئەمڕۆوە بە گوێرەی بڕیارێكی حكومەتی هەرێم بەبێ‌ وەرگرتنی باج و گومرگ و هیچ جۆرە ڕسوماتێك بازرگانان دەتوانن بەنزین هاوردەی هەرێمی كوردستان بكەن بەڵام بەومەرجەی كوالیتی باش بێت و لە كۆنترۆڵ دەربچێت.

بەهمەن قادر، وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی بە SNNی ڕاگەیاند: بەمەبەستی زیاتر دابەزاندنی نرخی بەنزینی بازرگانی لە بەنزینخانەكانی شاری سلێمانی، لە ئەمڕۆ شەممە 25/6/2022 بازرگانان دەتوانن لە دەرەوە بەنزین هاوردە بكەن بەبێ‌ ئەوەی هیچ جۆرە گومرگ و باج و ڕسوماتێك بدەن، بە مەرجێك ئەو بەنزینەی هاوردەی دەكەن كوالیتی بەرز بێت و لە تاقیگە دەربچێت.

ئاماژەی بەوەشكرد: ئەو بڕیارانەی كە لەلایەن حكومەتەوە دەرچوون تایبەت بەهاوردەكردنی بەنزین لەدەرەوە بەبێ‌ وەرگرتنی باج و گومرگ گەیشتووەتە خاڵە سنورییەكان لەئەمڕۆوە كاری پێدەكرێت، و بازرگانان دەتوانن بەنزین هاوردە بكەن بەو نرخە بیفرۆشن بە شۆفێران كە لە سودی هەردولادابێت.

وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو: هاوشێوەی ڕۆژانی ڕابردوو دابینكردنی بەنزینی 800 دیناری بۆ بەنزینخانەكانی ناوە و دەرەوەی شار بەردەوامی هەیە و هەروەها بەنزینی 690 دیناریش بۆ هێلەكانی تاكسی و پاس و هێڵە گشتییەكان بەردەوامی هەیە و هیچ گرفتێك لە ئارادا نییە.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this