چاندنی چەند بەروبومێک لە گەرميان قەدەغەکرا

0
788

SNN-عەلی حەمە سەعید

بەهۆی كەمبارانی ئەمساڵ و بەمەبەستی كەمكردنەوەی كاریگەرییە نەرێنییەكانی وشكەساڵی بەتایبەت لە ناوچەی گەرمیان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی گەرمیان بڕیاریداوە كە بۆ ئەمساڵ چاندنی برنج و كونجی و گەنمەشامی لە جوتیارانی سنوورەكە قەدەغە بكات، ئەوەش لە كاتێكدایە كە ساڵانە لە سنووری گەرمیان نزیكەی هەزار و 500 تۆن برنج بەرهەم هاتووە.

شادیە حسێن، بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی ‏گەرمیان بە SNNی ڕاگەیاند: كەمبارانی و وشكەساڵی دووساڵی دوابەدوای یەك كاریگەری زۆر خراپی كردووەتە سەر كەمبوونەوەی ڕێژەی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی لە سنەوری ئیدارەی گەرمیان، هەر ئەمەش وایكردووە كە كەرتی كشتوكاڵ لە سنورەكە زیانی زۆر بەربكەوێت و جوتیارانیش زیانێكی زۆر بكەن بەبێ‌ ئەوەی لەلایەن حكومەتەوە هیچ قەرەبوویەك بكرێنەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد: بەمەبەستی كەمكردنەوەی كاریگەرییە نەرێنییەكانی وشكەساڵی و كەمئاوی لە سنوورەكەدا، بۆ هاوینی ئەمساڵ لەڕێگەی یەكە ئیدارییەكانەوە جوتیارانمان ئاگاداركردووەتەوە كە رێگە بە چاندنی ئەو بەروبوومانە نادرێت كە پێویستیان بە بڕێكی زۆر ئاوە تاپێدەگەن وەك (مەرەزە و كونجی و گەنمەشامی).

بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی ‏گەرمیان ئەوەشی خستەڕوو: ساڵانی ڕابردوو كاتێك ڕێژەی باران بارین ئاسایی بوو وشكەساڵی ڕووی نەدابوو ساڵانە نزیكەی هەزارو 500 تۆن برنج لە گەرمیان بەرهەم دەهات، بەڵام بۆ ئەمساڵ هیچ بڕێك برنج لە سنووری گەرمیان بەرهەم نایەت ئەوەش بەهۆی ئەوەی سنوورەكەمان لە لە قەیرانی كەمئاویداین و نامانەوێت گرفتەكە زۆر كاریگەری لەسەر كەرتەكانی دیكەی ژیانمان بكات.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this