عەبدولڕەحمان سدیق: راگرتنی بیرھەڵکەندن دەبێت یەکەم هەنگاو بێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی
SNN
سەرۆکی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان ئاشكرایكرد، پرسی وشکەساڵی ھەنگاوی پێش بەبیابانبوونە و پێویستی بەوهیە کە لە ئاستی فەرمی دەوڵەتدا رابگەیەندرێت و دەشڵێت “لەسەدا 85ی ئاوی ھاتوو بۆ نێو عێراق بۆ کشتوکاڵ بەکاردەھێندرێت، كه دەکاتە 35 ملیار مەتر سێجا و رێژەیەکی ئێجگار زۆرە کە کشتوکاڵی ئێمە دەیبات، لەبەر ئەوە پێویستە کشتوکاڵ بە دڵۆپاندن و رشاندن بکرێت”.
عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان لەبارەی ھۆکارەکانی وشکەساڵییەوە رایگەیاند: “کەمبوونەوەی رێژەی بارانبارین کە ئەویش بێگومان لە دوو ساڵی پێشوودا کەم بۆتەوە و هەروەها بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، سێیەمیش لە دەستدانی رووپۆشی رووەکی زەوی، چوارەمیان زیادبوونی رووبەری وشکانی ئەویش ماوە ماوە زیاد دەکات و دەکشێتەوە”.
سەرۆکی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی رابردوودا، لیژنهیهكی بەناوی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی پێکھێناوە و وتی: “ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە ئێمە لە ساڵی رابردووەوە، چووینەتە قۆناغی ئامادەکاری بۆ وشکەساڵی و بوودجەش بۆ ئەو ناوچانەی کە دووچاری وشکەساڵی بوون (باشوور و رۆژئاوای ھەولێر، باشووری دھۆک، گەرمیان) تەرخان دەکرێت.
عەبدولرەحمان سدیق بە پێویستی دەزانێت کە زیاتر لە ئاوی ژێر زەوی، سوود لە ئاوی سەر زەوی وەربگیرێت و ئەو بە یەکەم ھەنگاوی رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی ناو برد و وتی: “راگرتنی بیرھەڵکەندن یەکەم هەنگاو بێت و دووەم ھەنگاویش پرسی پشتێنەی سەوزە دەبێت (بە دەوری شارەکاندا)”.
وتیشی: “لە ئێستادا 20 راسپاردە بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەبیابانبوون و وشکەساڵی نێردراوه بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی بەسەر وەزارەتەکاندا دابەشی بکات کە ھەر وەزارەتێک چ ئەرکێک دەکەوێتە ئهستۆی”.
لەبارەی راگەیاندنی وشکەساڵی لە چەند ناوچەیەکی ھەرێمی کوردستان، عەبدولرەحمان سدیق رایگهیاند: “وەزارەتی کشتۆکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوى عێراقى رایگەیاندووە کە رێژەی بەبیابانبوون لە عێراق گەیشتووەتە 39 لەسەدا و ئەو رێژەیە کاریگەری لەسەر ئێمەش دەبێت لە ناوچەکانی باشووری ھەرێمی کوردستان و بەشێک لە كاریگهریی بەبیابانبوون و وشکەساڵی دەرکەوتووە وەکو باشووری و رۆژئاوای ھەولێر، گەرمیان بە شێوازێکی سەرەکی و باشووری دھۆکیش”.
بە بۆچوونی سەرۆکی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، “یەکەم ھەنگاو، ئەوەیە کە کشتوکاڵ تا بکرێت لەو جۆرە بێت کە ئاوی کەمی بیەوێت یان کەم بکرێتەوە بۆ نموونە لە عێراق لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵیدا لەسەدا 50ی کشتوکاڵ راگیراوە لە ھەندێک شوێن وەکو دیالە و بهعقوبه، ئێمەش لە ھەرێمی کوردستان لەو ناوچانەی بە پلەی یەکەم جۆرێك کشتوکاڵ بکرێت کە ئاوی کەمی بوێت”.
راشیگەیاند “دووەم ھەنگاو راگرتنی ھەڵکەندنی بیر و سێیەم چۆنیەتی بیرکردنەوەیه لە ھێنانی لقێک لە لقەکانی ئەو رووبارانەی لە نزیک شارەکانن. لە ئێستادا بیر لەو دەکرێتەوە لە ناوچەکانی دیالە و خوارووی عێراق چۆن سوود لە زێی بچووک وەربگرن. لە ھەولێر بیر لەوە دەکرێتەوە چون لقێک لە زێی گەورە بێنین بۆ باشوور و رۆژئاوای ھەولێر. خالێکی دیکە زیادکردنی رووبەری سەوزاییە، ئێمە بە شێوازی زانستی جۆرێک لە درەخت ھەڵبژێرین کە بەرگەی ئەو شوێنە بگرێت و ئاوێکی کەمیش بوێت”.
سەرۆکی دەستی ژینگە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە ئەزمونی تورکیا لە بواری کشتوکاڵ و ئاودێری دا و وتی: “تورکیا بە عێراق دەڵێت، گرەنتی ئەوە دهدهم، ئەو ئاوەی بە ھۆی بەنداوەکانهوه کەم بووەتەوە بۆ سەدا ٥٠ی جاران، بەشتان بکات لەبەر ئەوەی ئێوە لە عێراق خراپ ئیدارەدانی ئاوتان ھەیە. ھەر بۆیە تورکیا دەیەوێت سەنتەرێکی چۆنیەتی ئیدارەدانی ئاو بۆ عێراق دروست بکات”.
عەبدولرەحمان سدیق دەڵێت، “ھەر 10 کیلۆگرام برنج 80 ھەزار لیتر ئاوی پێویستە، بۆیە وڵاتانی ئیمارات، سعوودیە و سوودان’ی بۆ رێگری کردن لە کەمتر بەکارهێنانی ئاو ناچار بوون زەوی بەکرێ بگرن بۆ کشتوکاڵ”.
سەرۆکی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان لەبارەی خۆڵبارینەوە دەڵێت: “جەنگی ھەشت ساڵەی عێراق و ئێران و ئەو ھەموو بۆردومانە بەشێکی زۆری زەوییەکانی کردووەته بە بیابان. بە داتای فەرمی ھەیە لە ساڵی 1988دا کە 55 ھەزار رۆکێتی فای كهوتووهته سهر زەوی لە عێراق. ئەمانە ھەموو کاریگەرییان ھەبوو. ھەروەھا جەنگی سووریا، ھەندێك بۆردومان کە ھێزەکانی ھاوپەیمانان دەیانکرد، لهرێگهی بۆمبی یورانیۆمی خامۆشکراوهوه بوون، کە نەخۆشی شێرپهنجهش بڵاودەکاتەوە کە تێکەڵی تۆز و خۆڵ دەبێتەوە و لەگەڵ خۆڵبارین کاریگەری نەرێنی ھەیە”.
More News
-
بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئایەتوڵڵا فەییاز هێمای میانڕەوی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی بوو
9 hours لهمهوپێش -
نرخی زێڕ بەرز بووەوە
14 hours لهمهوپێش -
سەرایا سەلام وەک یەکەم گرووپ چەکەکانی ڕادەستی دەوڵەت کرد و هەڵوەشایەوە
14 hours لهمهوپێش
About Us
ئەرکمان پێدانی هەواڵی ڕاست و دروستە دەربارەی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، لە ڕێگەی ستانداردەکانمانەوە هەوڵ بۆ باشترینەکان دەدەین.
In Case You Missed
-
بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئایەتوڵڵا فەییاز هێمای میانڕەوی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی بوو
9 hours لهمهوپێش -
نرخی زێڕ بەرز بووەوە
14 hours لهمهوپێش -
سەرایا سەلام وەک یەکەم گرووپ چەکەکانی ڕادەستی دەوڵەت کرد و هەڵوەشایەوە
14 hours لهمهوپێش


