پرۆژه‌ى ده‌ستپێكردنه‌وه‌ به‌ پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ى فه‌رمانبه‌ران ته‌واو بوو

0
2579
لۆگۆى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و دراوى 10 هه‌زار دینارى عێراق | فۆتۆ: SNN

SNN – عەلی حەمەسەعید
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان ئاماژە بەوەدەكات، پڕۆژە بڕیارێكمان بۆ دەستپێكردنەوەی‌ پلە بەرزكردنەوەی‌ فەرمانبەران‌ و مامۆستایان پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە، چونكە راگرتنی پلە بەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران نایاساییە و نەدەبوو بڕیارێكی لەو شێوەیە بدرێت.

عومەر گوڵپی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 26ى ئه‌یلول، بە SNNی راگەیاند، “بەگوێرەی‌ هەردوو یاسای‌ راژەی شارستانی ژمارە (24)ی‌ ساڵی (1960) و یاسای‌ مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت، ژمارە (22)ی‌ ساڵی (2008)، پلە بەرزكردنەوە وەك مافێكی فەرمانبەر جێگیركراوە و مافێكی‌ یاساییە و بەپێی‌ چەند مەرج و رێوشوێنێكی‌ كارگێڕیی‌ پێویستە هەر فەرمانبەرێك چوار یان پێنج ساڵ جارێك بە پێی‌ پلە و ئاستی‌ فەرمانبەرێتی، پلەكەی‌ بەرزبكرێتەوە بۆ پلەیەكی‌ نوێ، كە لەڕووی‌ ماددیی و مەعنەوییەوە جیاوازی‌ هەیە لەگەڵ پلەی‌ پێشوو.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ى لیژنه‌ى دارایی له‌ په‌رله‌مانى كوردستان ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، “بڕیاری‌ راگرتنی‌ پلە بەرزكردنەوە لەلایەن كابینەی‌ پێشووی‌ حكومەت‌ لەساڵی 2016ەوە و درێژەپێدانی‌ لەم كابینەیە بڕیارێكی‌ نایاساییە و درێژەدان بەم بڕیارەش دۆخی‌ فەرمانبەرێتی‌ تەواو شێواندووە و هەموو هاوكێشەكانی‌ پەیوەندیدار بە پلە و ئاستی‌ فەرمانبەرێتی‌ و میلاكی‌ تێكداوە و نەدەبوو بڕیارێكی لەو شێوەیە بدرێت”.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو، لەئێستادا پلە بەرزكردنەوە بۆ هێزەكانی‌ ناوخۆ و پێشمەرگە و سێ سەرۆكایەتییەكە دەستیپێكردووەتەوە، بەڵام تا ئێستا پلە بەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران دەستیپێنەكردووەتەوە زیانی‌ گەورە بە نزیكەی 365 هەزار فەرمانبەر و مامۆستا كەوتووه‌”.

له‌باره‌ى ئه‌و زیانه‌ مادییه‌ى كه‌ به‌ر فه‌رمانبه‌ران كه‌وتووه‌ عومه‌ر گوڵپى ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، “بڕی‌ ئەو پارەیەی‌، كە وەك زیان بەو دوو توێژە كەوتووە لە هەندێك حاڵەتدا دەگاتە 400 هەزار دینار، بۆیە پێویستە هەرچی‌ زووە پلە بەرزكردنەوەی‌ فەرمانبەران ‌و مامۆستایان دەستپێبكاتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش پڕۆژەیەكمان ئاراستەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانكردووە”

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this