“لەترسی بەرزبوونەوەی دەنگی ناڕەزایی پارتی هیچ میوانێك بانگهێشتی كۆنگرەكەی ناكات”

0
423

SNN-تایبەت

وابڕیارە هەفتەی داهاتوو پارتی دیموكراتی كوردستان لەشاری دهۆك كۆنگرەی 14ی خۆی ببەستێت، جیاوازلەكۆنگرەی 13 كە گرنگییەی زۆری پێدراو دەیان میوانی ناوخۆیی و بیانی بانگهێشتی كۆنگرەكە كرابوون، بەڵام لەم كۆنگرەیەدا پارتی هیچ میوانێكی ناوخۆیی و بیانی بانگهێشت نەكردووە، هاوكات لەزۆربەری لق و ناوچەكانی پارتی دەنگی ناڕەزایی هەیە و كادرانی پارتی هەڕەشی ئاشكراكردنی كوتلەكاری و فشارو پارە بەخشینەوە دەكەن.

بەگوێرەی زانیارییەكانی SNNكە لە بەرپرسانی پارتی وەریگرتوون ئەوە خراوەتەڕوو، لیژنەی باڵای ئامادەكاری كۆنگرە پێشنیارێكیان خستووەتە بەردەم( مەسعود بارزانی) سەرۆكی پارتی بۆ ئەوەی لە كۆنگرەی 14 هیچ كەس و لایەنێكی ناوخۆیی و دەرەوەیی بانگهێشتی كۆنگرە نەكەن وتەنها بروسكە و پیرۆزبایی حزب ولایەنە سیاسییەكان بخوێندرێتەوە، بۆ ئەوەش بیانووی ئەوەیانهێناوەتەوە گوایە هێشتا مەترسییەكانی بلاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئارادایە و دۆخەكە واناخوازێت كەسانی غەیرە پارتی بانگهێشتی كۆنگرەبكرێت، لەبەرامبەریشدا (مەسعود بارزانی)بەو پێشنیارە ڕازی بووەو هیچ كەس ولایەنێك بەفەرمی بانگهێشتی كۆنگرەی 14ی پارتی ناكرێت.

ئاماژەبەوەشكراوە، هەرچەندە پارتی بیانووی بۆ ئەوە هێناوەتەوە گوایە لەبەر هۆكاری بلاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بانگهێشتی حزب ولایەنە سیاسییەكانی ناوخۆ ودەرەوە ناكەن، بەڵام لە ڕاستیدا ڕاپۆرتی نهێنی دراوەتە مەسعود بارزانی كە بەشێكی ئەندامانی كۆنگرەی 14ی پارتی نیگەرانن لەشێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی پارتی و بەمیزاجی چەندكەس و بەرپرسێكی نزیك لە باڵی ( مەسرور بارزانی) كەسانێك كراونەتە ئەندامی كۆنگرە كە مافی خۆیان نەبووە، بۆیە ترسیان لەوە هەیە لەناو كۆنگرە دەنگی ناڕەزایەتی بەرزببێتەوە، ئەوەش حاڵەتێكی ئیحراجی بۆ پارتی و بارزانی دروستدەكات.

لەلایەكی دیكەوە، لە زۆربەری لق و ناوچەكانی پارتی دەنگی ناڕەزایی بەرزدەبێتەوە و ئاشكرای دەكەن كە كوتلەكاری و فشارو پارە بەخشینەوە بەر لە كۆنگرە دەستیپێكردوە و سكاڵا و ناڕەزایەتییەكانیش فەرامۆش دەكرێن، بەجۆریك 14 كادری بالای پارتی لە سنوری هەر چوار لیژنەی ناوچەكانی ( مەرگە – بیتوێن – حاجیاوا – خۆشناوەتی ) سەر بە لقی 11 ی پارتی لە دژی ساختە و پێشێلكارییەكانی كۆنگرەی 14ی حزبەكەیان لەسنوورەكە ناڕەزایی دەردەبڕن و بە وتەی ئەوان تەزویرات و پێشێلكاریی و تەكەتولات باڵی بەسەر كۆنگرەی 14ی پارتی دا كێشاوە، هەڕەشە دەكەن كە بە بەڵگەوە تەزوویراتەكانی كۆنگرە دەخەینەڕوو، پەردە لەسەر پێشێلكاری و تەزویراتی كۆنگرە بۆ رای گشتی لادەدەین وھەموو ساختەكاری و خروقاتەكان، بە چەندین شاهید و بەڵگەی حاشا هەڵنەگرەوە بڵاودەكەینەوە.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this