لەبارەی بەرزكردنەوەی نرخەكان چاودێری بازرگانی سلیمانی دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان

0
480

SNN-عەلی حەمە سەعید

بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی ئاماژە بەوەدەكات بەشێوەیەكی مەیدانی لە بازاڕ و كۆگاكانی فرۆشتنی خۆراك و پێداویستی ڕۆژانەی هاووڵاتیان چاودیری نرخەكان دەكەین و تا ئێستاش نرخی هیچ خۆراك و كاڵایەك لە بازاڕەكان بەرزنەبووە و لە ڕۆژانی پشووش لیژنەكانمان چاودێری بازاردەكەن سەرپێچیكارانیش ڕووبەڕووی یاسا دەكەینەوە.

سۆران عەبدولغەفور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی، بە SNNی راگەیاند: ساڵانە لەكاتی پشووەكان و بۆنەكان هەندێك لە فرۆشیاران و خاوەن دووكانەكان دۆخەكە لەبەرژەوەندی تایبەتی خۆیانم دەقۆزنەوە و نرخەكان بەرز دەكەنەوە، هاوكات لە ئێستاشدا كە دۆخێك هاتووەتە ئاراوە كە بەهۆی ناجێگری نرخی دۆلار و دینار هەندێك بازرگان دەیانەوێت ئەوە بكەنە بیانوویەك بۆ بەرزكردنەوەی نرخەكان، بەڵام هەموو ئەو بیانووانە نابنە هۆكار بۆ بەرزكردنەوەی نرخی كاڵاو شمەك لە بازاڕەكاندا چونكە ئەو دۆخە كاتییە و ناكرێت نرخ بەرز بكرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئێمە لیژنەكانمان لە ڕۆژانی پشووش هاوشێوەی ڕۆژانی دیكەی ئاسایی چاودێری بازاڕدەكەین و تا ئێستاش ڕێگەمان نەداوە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، هیچ كاریگەرییەك بكاتە سەر بەرزبوونەوەی نرخی كاڵاو خۆراك و نرخەكان وەك خۆیانن و جێگیرن و هیچ حاڵەتێكی نائاسایی لە بەرزكردنەوەی نرخ ڕووی نەداوە و دلنیاش دەدەینە هاووڵاتیان كە ڕێگر دەبین لە بەرز كردنەوەی نرخی پێداویستیە سەرەكییەكانی هاووڵاتیان.

بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، رۆژانە 50 لیژنە لە بازاڕ و كۆڵان و گەڕەك و شوێنەكان دەگەڕێن، نرخەكانی چەند رۆژی رابردووییان پێیە و بەراوردی دەكەن بە نرخی ئەم دوو رۆژە، هەر دووكان و ماركێت و شوێنێك نرخی گران كردبێت و پابەند نەبێت بە نرخی پێشوو دادەخرێت و رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە بۆیە پێویستە خاوەن دووكان و ماركێتەكان پابەندی نرخی دیاریكراو بن.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this