پسپۆڕێكی دارایی و ئابوری: گەیشتنی 100 دۆلار بە 200 هەزار دینار ئەگەرێكی كراوەیە

0
775

SNN-عەلی حەمە سەعید

مامۆستایەكی زانكۆ كە پسپۆڕە لەبواری دارایی و ئابوری ئاماژە بەوەدەكات ئەگەر حكومەتەكەی محەمەد شیاع سودانی و بانكی ناوەندی بە خێرایی دۆخەكە كۆنترۆڵ نەكەن، ئەگەرێكی كراوەیە كە لە ئایندەیەكی نزیكدا، 100 دۆلار بۆ 200 هەزار دینار بەرز ببێتەوە، هاوكات باس لەهۆكارەكانی بەرز بوونەوەی نرخی دۆلاریش دەكات.

د. خالید حەیدەر، مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕ لە بواری دارایی و ئابوری بە SNN-ی ڕاگەیاند، “بەرز بوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار بۆ ئەم ئاستەی ئەمڕۆ كە 100 دۆلار 160 هەزار دیناری تێپەڕاندووە ئەگەرێكی چاوەڕوانكراو نەبوو، چونكە پێشتر بانكی ناوەندی 200 ملیار دۆلاری دەخستە بازاڕەوە و خواستی بازاڕەكانی بۆ دۆلار دابینكردبوو، بەڵام كە سیاسەتی بانكی ناوەندی گۆڕانكاری بەسەردا هاتوو خستنەڕووی دۆلاری بۆ كەمتر لە 100 ملیار دابەزاند وردە وردە نرخی دینار بەهاكەی خۆی لەدەستدا، چونكە بڕێكی زۆری پێداویستیەكانی ناوخۆ و دەرەوە بەدۆلار كڕین و فرۆشتنیان پێوە دەكرێت”.

ئاماژەی بەوەشكرد، “ئێمە لەسەرەتادا بەدوورمان دەزانی نرخی دۆلار بگاتە ئەم ئاستە، بەڵام بەهۆی ئەوەی حكومەتی عێراق و هەروەها بانكی ناوەندیش هیچ سیاسەتێكی ڕوونیان نییە و ناتوانن دۆخەكە كۆنترۆڵ بكەن ئەوا ئەگەرێكی كراوەیە 100 دۆلار بگاتە 200 هەزار دینار، ئەگەر حكومەت و بانكی ناوەندی عێراقی بەخێرایی ڕێگاچارەیەكی گونجاو نەدۆزنەوە و خستنەڕووی دلار بۆ ئاستی پێشووی نەگەڕێننەوە”.

ئەو پسپۆڕەی بواری دارایی و ئابوری ئەوەشی خستەڕوو، “بەردەوامیدان بەم دۆخە لە زیانی هاووڵاتییان و ئەو فەرمانبەرانەدایە كە مووچەیەكی دیاریكراویان هەیە و لەلایەكی دیكەشەوە لە بەرژەوەندی هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراقە، چونكە ئەو داهاتەی دەستی ئەو دوو حكومەتە دەكەوێت بەدۆلارە و مووچە و خەرجییەكانیشیان بەدینارە، بۆیە كاتێك دۆلار بەرز دەبێتەوە داهاتی حكومەت زیاد دەكات، بەڵام داهاتی هاووڵاتی وەك خۆیەتی لەبەرامبەریشدا نرخی كاڵاكان بەرز دەبنەوە”.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this