“بەردەوامی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار كاریگەری خراپ لەسەر بازاڕو بازرگانانی هەرێم بەجێدەهێڵێت”

0
284

SNN-عەلی حەمەسەعید
سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی ئاماژە بەوەدەكات ئەگەر نرخی دۆلار هەروا بە بەرزی بمێنێتەوە و حكومەتیش بەخێرایی چارەسەر بۆ دۆخەكە نەدۆزێتەوە ئەوا لە ئایندەیەكی نزیكدا زۆرێك لە بازرگانان زیانێكی زۆر دەكەن تا دەگاتە مایە پووچ بوون، لەگەڵ ئەوەشدا بازاڕ دەوەستێت و هاووڵاتیانیش بەنرخێزی زیاتر كاڵاكانیان دەستدەكەوێت.

سیروان محەمەد، سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی بە SNNی ڕاگەیاند: بەردەوامی بەرز بوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار واخەریكە كاریگەرگەرییەكانی بەدەر كەوتووە، چونكە نرخەكان لە بازاڕەكان بەراورد بە دوو مانگی ڕابردوو گۆڕانكارییان بەسەردا هاتووە و نرخی كاڵاو شەمەك زیادیكردردووە، بۆیە ئەگەر ئەم دۆخە هەروا بەردەوام بێت و حكومەت چارەسەرێكی بەپەلە بۆ ئەم دۆخە نەدۆزێتەوە، بەدڵنیاییەوە بازاڕ زیاتر تێكدەچێت و بازرگانانیش زیانێكی زۆر دەكەن تا دەگاتە ئاستی مایە پووچ بوون و لەبەرامبەریشدا هاووڵاتیان زیان دەكەن و ناچارن كاڵاكان بەنرخێكی زیاتر بكڕن.

ئاماژەی بەوەشكرد، حكومەتی عێراق بە نرخی بانكی ناوەندی دۆلار بە بازرگانانی پارێزگاكانی عێراق دەفرۆشێت، ئەوەش تاڕادەیەكی باش هاوكاری بازرگانان دەكات زیان نەكەن، بەڵام تا ئێستا بازرگانانی هەرێم سودمەند نەبوون لە وەرگرتنی ئەو دۆلارەی كە لەلایەن بانكی ناوەندییەوە بەنرخی فەرمی دەدرێتە بازرگانان، بۆیە داوایەكمان ئاراستەی سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە هاوشێوەی بازرگانەكانی عێراق دۆلار بە نرخی پاڵپشتیكراو بۆ بازرگانانی هەرێمی كوردستانیش تەرخان بكرێت، بۆیە ئەگەر ئەمە نەكرێت بازرگانانی هەرێمیش ناچار ڕوو لە پارێزگاكانی دیكەی عێراق دەكەن.

سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەڵەبجە لەگەڵ ( محەممەد شیاع سوودانی) سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆبووینەوە و داوامان لێكردووە كە دۆلار بەنرخی فەرمی بانكی ناوەندی عێراق بۆ بازرگانانی هەرێم دابین بكرێت و هەروەها قەرزی كشتوكاڵی و پیشەسازی كە لە بانكەكانی عێراق هەن بۆ هەرێمی كوردستانیش دەستەبەر بكرێن لەبەرامبەریشدا سەرۆكوەزیرانی عێراق داوای كرد بە نووسراوی فەرمی داوای ئەو قەرزانە بكرێت ئێمەش لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەو نوسراوە ئاراستەی سەرۆكوەزیرانی عێراق دەكەین.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this