هەولێر شاری سەگە بێلانەكان، تادێت ژیانی هاووڵاتیان زیاتر دەكەوێتە مەترسییەوە

0
377

SNN-عەلی حەمە سەعید

لەگەڵ ئەوەی ساڵانە بەسەدان هاووڵاتی لە پیر و گەنج ژن و منداڵ لە شاری هەولێر لەلایەن سەگی بەرەڵاوە لە كوچە و كۆڵانەكانی ئەو شارە پەلاماردەدرێن و ژیانیان دەكەوێتە مەترسییەوە، بەڵام تا ئێستا بەرپرسانی ئیداری ئەو شارە نەیانتوانیوە چارەسەرێكی گونجاو بۆ ئەو بابەتە بدۆزنەوە، تەنها لە ساڵی ڕابردوودا 723 حاڵەت و لەم مانگەشدا 23 حاڵەتی پەلاماردانی سەگی بەڕەڵا لەهەولێر تۆماركراوە و زیاد لە 30 هەزار سەگی بێلانەش لە هەولێر بڵاوبوونەتەوە.

یوسف سادق، یەكێك لە هاووڵاتیانی دانیشتووی گەرەكی كورانی شاری هەولێر بە SNNی ڕاگەیاند: بڵاوبوونەوەی سەگی بێلانە و بەرەڵا لە كۆلان و بازاڕو شوێنە گشتیەكانی هەولێر زۆر زیادیكردووە ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان بەتایبەت منداڵانی هەولێر دروست ببێت وەك ئەوەی لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بینیمان چ كارەساتێك ڕوویدا بەهۆی پەلاماری ئەو سەگە بیلانانەوە كە لە كۆڵانەكانی هەولێر بڵاوبوونەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، بڵاوبوونەوەی ئەو سەگانە سەرەڕای ئەوەی بوونەتە جێگای مەترسی بۆسەر ژیانی هاووڵاتیان، لەهەمان كاتیشدا بوونەتە هۆی ناشیرینكردنی سیمای شاری هەولێر ئەوە سەرەڕای ئەوەی لەڕووی تەندروستیشەوە مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییان لێدەكرێت، بۆیە وەك نوێنەری چەند گەڕەكێكی هەولێر و هەروەها ژمارەیەك لە دوكاندارانی بازاری لەنگەی هەولێر سەردانی پارێزگار و ئەنجومەنی پارێزگای هەولێرمان كردووە بۆ ئەوەی ڕێگاچارەیەكی گونجاو بۆ ئەوبابەتە بدۆزنەوە، دواجار بابەتە ڕادەستی قایمقامێتی ناوەندی هەولێر كراوە بەڵام تا ئێستا هەر قسەیەو بە كردار هیچ نەكراوە بۆچارەسەركردنی ئەو بابەتە.

بە گوێرەی ئەو ئامارانەی كە لە نەخۆشخانەی ڕۆژئاوای شاری هەولێرەوە دەست SNN كەوتوونە ئەوە خراوەتەڕوو تەنها لەماوەی ساڵی ڕابردوودا 723حاڵەتی پەلاماردانی هاووڵاتیان لەلایەن ئەوسەگانەوە تۆماركراون وهەندێكیشان بەهۆی ئەوپەلاماردانەوە مەترسی لەسەر ژیانیاندروست بووە، هاوكات تەنها لەمانگی ڕابردوودا 23 حاڵەتی دیكەی لەو شێوەیە تۆماركراون لە ئێستادا زیاد لە35 هەزار سەگی بێلانە لە سنووری پارێزگای هەولێر تۆماركراون.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this