“سیاسەتی قۆڵبادان و ململانێی ناتەندروستی حیزبی داهاتووی هەرێمی خستووەتە مەترسییەوە”

0
1789
كۆبوونه‌وه‌ى قوباد تاڵەبانی، جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم و جێسیکا سڤاردسترۆم، باڵیۆزی سوید لە عێراق | فۆتۆ: Azhe Omar

SNN

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکى حكومەتى هەرێم لە هەولێر پێشوازیکرد لە جێسیکا سڤاردسترۆم، باڵیۆزی سوید لە عێراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا بارودۆخی ناوخۆی هەرێم و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا تاوتوێکران.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی دووشەمە 5ی حوزەیران، بەڕێوەچوو، سەبارەت بە کێشە و ناکۆکییە ناوخۆییەکانی کوردستان هەردوولا هاوڕابوون کە دەبێت لایەنە سیاسییەکان ئەزمون لە ناکۆکییەکانی رابردوو وەربگرن و پەلە بکەن لە چارەسەرکردنی کێشەکان.

لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، “لە کاتێکدا کە هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی سیاسی و ئابوری باشدا نییە، پێویستە لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندی هاوڵاتییان هەموو لایەکمان بەرپرسیارانە هەنگاوبنێین بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکان”.

جێگری سەرۆکى حكومەتى هەرێم ئاماژەی بەوەشکرد، “زۆربەی کێشەکان کێشەی حیزبی و شەخسین. وتیشی: “ئەم جۆرە لە ململانێ و قۆڵبادانی حیزبی و شەخسی ناوماڵی کورد زیاتر پەرت دەکات و داهاتووی هەرێمی کوردستانی خستووەتە مەترسییەوە”.

سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانیش، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، “ئێمە هەمیشە لەگەڵ ئەوەدابووین هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بەرێوەبچێت، تەنها پێداگربووین لەسەر ئەوەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و ئازاد و دادپەروەرانە بێت”.

داواشیکرد لایەنە سیاسییەکان گفتوگۆکانیان دەستپێبکەنەوە بۆ ئەوەی کارئاسانی بکرێت تا لە ماوەیەکی نزیکدا و بە باشترین شێوە هەڵبژاردنەکان بەڕێوەبچێت.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداش جێگری  سەرۆکى حكومەتى هەرێم رایگەیاند، “ئەگەر کێشە ناوخۆییەکانی کوردستان چارەسەر بکرێت کاریگەری دەبێت لەسەر بەهێزتر بوونی پێگەی هەرێم لە بەغدا”.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this