لە سلێمانی 110 هاوڵاتی لەسەر داربڕینەوە دەستگیرکراون

0
401
داربڕینەوە

SNN

بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستانە سلێمانی سەبارەت بە داربڕینەوە لە ئەمساڵدا دەڵێت، “رێژەکە بەراورد بە پار زیادیکردووە و ئەو کەسانەشی دار دەبڕنەوە رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە، لەسەر داربڕینەوە 110 هاوڵاتیمان دەستگیرکردووە”.

عەمید هێمن کەمەرخان، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستانی سلێمانی بە SNNی راگەیاند، لە سنوری پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری 110 هاوڵاتی لەسەر داربڕینەوە دەستگیرکراون و رووبەڕووی یاسا کراونەتەوە.

ئاماژەی بەوەکردووە، سازاکان بەپێی تەمەنی دارەکان دەگۆڕێت، بۆ نموونە بڕینەوەی دارێک تەمەنی سەرو 100 ساڵ بێت سزاکەی پێنج ملیۆن دینار دەبێت، لەگەڵیدا بەندکردنیش دەیگرێتەوە، ماوەی کاتی بەندکردنەکەش دادوەر بڕیار دەدات.

سەبارەت بەو کەسانەی سزادراون وتی: “383 هاوڵاتی لەسەر سەرپێچییەکان دەستگیرکراون، لەسەر راوکردنی باڵندەی کێوی 99 هاوڵاتی، راوکردنی ئاژەڵی کێوی 39 هاوڵاتی، راوکردنی ماسی 55 هاوڵاتی، گەشانەوەی خەڵوز 37 هاوڵاتی، زیادەڕەوی 197 هاوڵاتی، بیرلێدان 308 هاوڵاتی، داربڕین 110 هاوڵاتی، ئاگرکەوتنەوە 16 هاوڵاتی دەستگیرکراون”.

“سزای راوکردن لەسەر ئاژەڵی کێوی 10 ملیۆن دینارە، بە جۆرێک راوکردنی ئاسکێک، کەڵەکێوییەک، پڵنگێک 10 ملیۆن دینار غەرامەی مادییەکەیەتی، لە هەمان کاتدا بەندکردنی یاسایی دەیگرێتەوە، بەپێی جۆری سەرپێچییەکەی بەندکردنەکە دەیگرێتەوە”، عەمید هێمن وایوت.

لەرووی کەرەستەی پێویست و ژمارەی کارمەندەوە، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستان ئاماژەی بەوەکردووە، ئامێر و کارمەندی پێویست لەبەردەستدا نییە، بەڵام بەو رێژە کەمەی کارمەند کە هەیانە توانیویانە کەسانی سەرپێچیکار دەستگیر بکەن.

وتیشی “زیاتر هاوڵاتیان لەسەر سەرپێچییەکان ئاگادارمان دەکەنەوە چ داربڕینەوە بێت یان راوکردنی ئاژەڵ، تیمەکانیشمان لە کاتی گەڕانەکانیان سەرپێچیکاران دەستگیر دەکەن.”

ئەوەشی خستووەتە ڕوو، رێژەی داربڕینەوە ئەمساڵ بەراورد بە پارە زیادیکردووە، زیادکردنەکەش پەیوەندیی بە وەرز و کاتەکانی ساڵەوە هەیە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this