كۆتایی هاتنى كێشه‌ داراییه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ چییه‌وه‌؟

0
2740
ساتى واژوو كردنى رێككه‌وتنى هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر هه‌نارده‌ى نه‌وتى هه‌رێم | فۆتۆ: KRG

SNN
كێشه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا رۆژ به‌ رۆژ زیاتر قوڵ ده‌بنه‌وه‌، سێ به‌رپرسى باڵاى عێراقیش به‌ شاندى حكومه‌تى هه‌رێمیان وتووه‌: ته‌نیا به‌ ده‌رچوونى یاساى نه‌وت و غاز كێشه‌ داراییه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كۆتاییان دێت.

رۆژی 14ى ئه‌یلول، وەفدی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم به‌مه‌به‌ستى گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی دارایی هەرێم سەردانی بەغدایان کرد، لەگەڵ بەشێکی زۆر لە سەرکردەی لایەنە عێراقییەکان کۆبوونەوە.

ده‌نگى ئه‌مریكا له‌سه‌ر زارى به‌رپرسێكى باڵاى حكومه‌تى عێراقه‌وه‌ كه‌ نه‌یویستووه‌ ناوى بڵاوبكرێته‌وه‌ ئاشكراى كرد، “هه‌ریه‌كه‌ له‌ نورى مالكى، سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا، هادى عامرى، سه‌رۆكى رێكخراوى به‌در و عه‌مار حه‌كیم، سه‌رۆكى ره‌وتى حیكمه‌ى نیشتمانى به‌ شاندى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیان وتووه‌، تا ئەوکاتەی یاسای نەوت و غاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تێدەپەڕێنرێت و پەسەند دەکرێت، دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان سەقامگیر نابێت. به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ کێشە داراییەکانی هەرێم چارەسەر دەبێت گەر یاسای نەوت و غاز دەربچێنرێت”.

به‌ وته‌ى سه‌رچاوه‌كه‌ باڵاكه‌ى حكومه‌تى عێراق، “لایەنە عێراقییەکان دەیانەوێت یاسای نەوت و غاز بەجۆرێک پەسەند بکرێت، دەسەڵاتە نەوتییەکانی هەرێم لاواز و هی عێراق بەهێز بکەن”.

وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم، دوو پرۆژە یاسای نەوت و غازیان ئامادەکردووە، پرۆژە یاساکەی وەزارەتی نەوتی عێراق گوزارشت لە تێڕوانینی عێراق بۆ ئایندەی نەوت و غاز و ئەوەی هەرێمیش گوزارشت لە تێڕوانینی هەرێم دەکات. بڕیارە وەزارەتی نەوتی عێراق و هەرێم، گفتوگۆ لەسەر پرۆژە یاساکانیان بکەن، تا بگەنە رێککەوتن لەسەر پرۆژە یاسایەک کە بۆچوونى هەردوولایانی لەسەر بێت، بۆیە چەند کۆبوونەوەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق بە ئامادەبوونی پارێزگاری ئەو پارێزگایانەی دەوڵەمەندن بە سامانی سروشتی ئەنجامدراوە. قوڵبوونەوەی قەیرانی دارایی هەرێم و سەردانی وەفدی حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا، گفتووگۆی نێوان وەزارەتی نەوت و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی لەسەر پرۆژە یاسای نەوت و غاز بەشێوەی کاتی راگرتووە، بەڵام بڕیارە گفتووگۆکان دەستپێبکرێنەوە.

دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق له‌و باره‌یه‌وه‌ رایگەیاندووه‌، “پرۆژە یاسای نەوت و غاز، یەکێک دەبێت لەو پرۆژانەی مشتومڕی زۆر لەسەر دەبێت لە نێو پەرلەمانی عێراق، بەتایبەت بڕیاربوو پرۆژەکە لە خولەکانی پێشوو تێپەڕێنرایە، بەڵام ئێستا شیاع سودانی کار لەسەر دەرچوواندنی دەکات. ئه‌م یاسایه‌ دەبێت ڕێککەوتنی نێوان لایەنەکانی لەسەر بێت، چونکە هەریەکەو سەرنجی خۆی هەیە”.

ده‌رچواندنى یاساى نه‌وت و غاز یه‌كێكه‌ له‌ خاڵه‌كانى كارنامه‌ى كابینه‌ى حكومه‌ته‌كه‌ى محه‌مه‌د شیاع سودانى، به‌پێى كارنامه‌كه‌ بڕیاربوو له‌ شه‌ش مانگى یه‌كه‌مى ته‌مه‌نى حكومه‌ته‌كه‌ى سودانیدا بچێته‌ بوارى جێبه‌جێ كردنه‌وه‌، رۆژى 27ى تشرینى یه‌كه‌مى ئه‌مساڵ ته‌مه‌نى ده‌بێته‌ ساڵێك، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا نه‌توانراوه‌ ئه‌و یاسایه‌ ده‌ربچێنرێت.

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this