هه‌فته‌ى داهاتوو پرسى ناردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم راسته‌وخۆ له‌ به‌غداوه‌ ده‌چێته‌ قۆناغێكى نوێ

0
879
دراوى 25 هه‌زار دینارى عێراق

SNN

ئه‌ندامێكى لیژنه‌ى دارایی له‌ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، هه‌فته‌ى داهاتوو پرۆژه‌یاساى هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاساى بودجه‌ى عێراق پێشكه‌شى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ده‌كه‌ین، ده‌شڵێت: “پاش هه‌مواره‌كه‌ ده‌توانین مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم بگوازینه‌وه‌ سه‌ر به‌غدا”.

سه‌ره‌تاى مانگى رابردوو، فراكسیۆنه‌ كوردیه‌كانى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق جگه‌ له‌ فراكسیۆنى پارتى هه‌ستان به‌ كۆكردنه‌وه‌ى واژوو بۆ دابه‌شكردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان به‌شێوه‌یه‌كى راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن حكومه‌تى ناوه‌ندى عێراقه‌وه‌ و واژووه‌كانیان ئاراسته‌ى محه‌مه‌د شیاع سودانى، سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراق كرد. ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى له‌ ئێستادا پرسى هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاساى بودجه‌ى عێراق بۆ ساڵه‌كانى 2023، 2024 و 2025 له‌ ئارادایه‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌ یوسف كیلابى، ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایی له‌ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق به‌ رۆژنامه‌ى هاووڵاتى راگه‌یاند، “هەفتەی داهاتوو پرۆژە یاسایەك پێشكەشدەكەین بۆ هەمواری یاسای بودجە”.

وتیشى: “پاش هه‌مواره‌كه‌ دەتوانین مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بگوازینەوە سه‌ر به‌غدا و ئاواتی هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی خۆشەویست بەدیبهێنین و هەموو هەوڵێكیش ئەدەین و تاكۆتایی لەگەڵیدا دەڕۆین و پشت بەخوا سەركەوتووش دەبین”.

له‌باره‌ى دواخستنى سه‌ردانى وه‌زیرى دارایی هه‌رێم بۆ به‌غدا و ئاماده‌بوونى له‌ لیژنه‌ى دارایی هاوشانى ته‌یف سامى، هاوتا عێراقیه‌كه‌ى، یوسف كیلابى وتى: “نەهاتنی وەزیری دارایی هەرێم بۆ ئێرە و وەڵامنەدانەوەی داواكارییەكەی لیژنەی دارایی بەئامادەنەبوونی لەدانیشتنی میوانداریكردنیدا، مانای وایە كە كێشە و گرفت و ناڕوونی هەیە و ئەوان نایانەوێت بۆ ئێمەی روون بكەنەوە، كێشەكانیش لەژمارەی فەرمانبەراندایە، ئەوان نایانەوێت ئەو پارەیەی دەینێرین بیدەن بە فەرمانبەر، واتە ئەگەر ئەوان گرفت و كێشەیان نەبێت ئەوا شتەكان روونن و پێویست بەمدواخستن و پەكخستنە ناكات و ئامادە دەبوون، لەبەرئەوە پێمان وایە كە هۆكاری سەرەكی ئەو كێشانە وەزیری داراییە، دەبوو ئەم هەفتەیە بێتە ئێرە، بەڵام نەهاتووە. ئەگەربێتوو بەردەوام بێت لەسەر دواخستنی ئامادەنەبوون، ئەوكات كێشەو گرفتی بۆ دروست دەبێت، بەدڵنیاییەوە پرۆسەی ناردنی پارە كۆتایی دێت و ئیتر ناتوانین هیچ بڕە پارەیەك بنێرینە هەرێم”.

ئه‌ندامه‌كه‌ى لیژنه‌ى دارایی ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ڕوو، “ئەمە رێككەوتنە، ئەوكاتەی كە مەسرور بارزانی، سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم هاتە بەغدا و لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆبوونەوەی كرد، لەسەر دوو بڕگە رێكەوتن، یەكەم پێشكەشكردنی داتای راست و دروستی ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم، هەروەها ناردنی وەزیری دارایی هەرێم بۆ بەغدا، بەڵام دەبینین هیچكام لەو بەڵێنانە جێبەجێ نەبوون، بەواتایەكی تر واتە بارزانی بەڵێنەكانی جێبەجێ نەكرد”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this