سبه‌ى به‌غدا ده‌ستبه‌ ناردنى 700 ملیار دینارى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران ده‌كات

0
4556
دراوى 25 هه‌زار دینارى عێراق | فۆتۆ: SNN

SNN – عەلی حەمە سەعید
به‌رپرسێكى وه‌زاره‌تى دارایی و ئابوورى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئاشكرایده‌كات، سبه‌ى سێشه‌ممه‌ به‌غدا ده‌ستبه‌ ناردنى بڕى 700 ملیار دینارى پاره‌ى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم ده‌كات، ده‌شڵێت: “به‌ ئه‌گه‌رێكى زۆر ده‌ستكارى ریزبه‌ندى مووچه‌ى وه‌زاره‌ته‌كان ده‌كرێت و وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ پێشده‌خرێت”.

به‌پێى ئەو زانیارییانەی كە ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 23ى تشرینى یه‌كه‌م، لە بەرپرسێكی وەزارەتی دارایی و ئابوورى حكومه‌تى هه‌رێم بە SNN دراون، “ناردنی بڕی 700 ملیار دیناری دیكە لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێمی كوردستان بەشێوەی قەرز هیچ گرفتێكی نییە و بڕیارە لە سبەی سێشەممە تاوه‌كو پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە ئەو بڕە پارەیە بگاتە هەرێمی كوردستان و دەستبكرێت بە دابەشكردنی مووچەی مانگی ئاب”.

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كان، “ناردنی ئەو 700 ملیار دینارە هاوشێوەی ئەو بڕە پارەیە دەبێت كە لە مانگی رابردوو نێردرا بەشێوەی قەرز و بە سێ گوژمە دەبێت، بەجۆرێك بڕی 250 ملیاری لەلایەن بانكی رەشید و 250 ملیاری لەلایەن بانكی رافیدەین و بڕی 200 ملیار دیناری دیكەشی لەلایەن بانكی بازرگانى عێراق (TBI) تەرخاندەكرێت و دواتر لە پشكی حكومەتی هەرێم دەبڕدرێت لەدوای پاكتاوی دارایی نێوان هەرێم و بەغدا له‌ بودجه‌ى ساڵى 2023”.

له‌ وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره‌ى، ئایا ده‌ستكارى ریزبه‌ندى مووچه‌ى وه‌زاره‌ته‌كان ده‌كرێت؟ به‌رپرسه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى دارایی و ئابوورى كه‌ نه‌یویست ناوى ئاشكرا بكرێت، وتى: “ئەگەری زۆر هەیە دەستكاری ریزبەندی مووچەی وەزارەتەكان بكرێت و مووچەی وەزارەتی پەروەردە پێشبخرێت و لەدوای مووچەی وەزارەتی تەندروستی مووچەی وەزارەتی پەروەردە دابەشبكرێت. هاوكات لیستی مووچەی مانگی ئابى فەرمانبەران تەواو بووە و وردبینیشكراوە، بۆیە بەگەیشتنی ئەو 700 ملیار دینارە راستەوخۆ دەستدەكرێت بەدابەشكردنی مووچەی مانگی ئاب”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this