“رەتكردنەوەی داواكارییەكەی یەكێتی بۆ یەك لیستی بووە هۆی بەفیڕۆدانی هەزاران دەنگی كورد لەكەركوك”

0
462

SNN-عەلی حەمە سەعید

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەر بە فراکسیۆنی یەکێتی رایگەیاند، هەر لەگەڵ بڕیاردان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق، سیاسەتی یەكێتی بەجۆرێك بوو كە كورد بە یەك لیستی یەكگرتوو بەشداریی ئەو هەڵبژاردنە بكات، بۆ ئەومەبەستەش چەندین هەوڵی جدیدا بۆ ئەوەی ئەو ئامانجە بەدەستبهینێت، دەڵێت “رەتكردنەوەی داواكارییەكەی یەكێتی لەلایەن زۆرێك لە حزبە كوردییەكانەوە بۆ یەك لیستی بووە هۆی بەفیڕۆدانی هەزاران دەنگی كورد لەكەركوك.”

د. بڕیار ڕەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بە SNNی ڕاگەیاند، هەر لە سەرەتای بڕیاری ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق یەكێتی نشتیمانی كوردستان خوازیاری ئەوەبوو كە كورد بە یەك لیست بەشداریی هەڵبژاردنەكان بكات، ئەوەش لە پێناو ئەوەدا نەبوو كە یەكێتی دەنگی كەم دەهێنێت و ترسی لە هەڵبژاردن هەیە، بەڵكو لە پەرۆشی بوو بۆ ئەوەی دەنگی هیچ كوردێك بەفیڕۆ نەڕوات، بەڵام بەداخەوە زۆرینەی حزبە كوردییەكان بەتایبەت لەكەركوك نەهاتن بەدەم ئەو داواكارییەی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، لەپای ئەو بەدەنگەنەهاتنەی حزبە كوردییەكان بۆ داخوازییەكی یەكێتی دەنگدەرانی كورد لە ناوچە جێناكۆكەكان بە گشتی و لە كەركوك بەتایبەتی پاداشتی یەكێتیان كرد، چونكە هەڵوێست و سیاسەتی یەكێتیان لا پەسەند بوو و لایەنەكانی دیكەیان سزادا، بەڵام لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق ژمارەیەكی زۆری دەنگی كورد لە كەركوك بەهۆی چەند پارتێكی سیاسییەوە بەفیڕۆ چوون و بەهۆیەوە كورد دەنگێكی زۆری لەدەست داوە كە هۆكاری بەفیڕۆ چوونی كورسییەكە لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جەختی لەوەكردەوە، ئەگەر هەموو حزبە كوردییەكان  لەگەڵ هاوپەیمانی كەركوك هێز و ئیرادەمانە بەهاوبەش بەشدار بوونایە، كورد كورسییەكی دیكەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكی مسۆگەر دەكرد و كورد دەبووە زۆرینە، هاوكات لە ناوچەكانی دیكەش بەهەمان شێوە، بەهۆی پەرتەوازەیی و فرە لیستییەوە كورد دەنگێكی زۆری لە پارێزگاكانی نەینەوا و سەلاحەدین و چەند ناوچەیەكی دیكە لەدەستدا.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this