نرخی كیلۆیەك مریشکی زیندوو خەریكە نزیك دەبێتەوە لە نرخی كیلۆیەك تەماتە

0
737
مریشک

SNN-عەلی حەمەسەعید

مریشک فرۆشێک رایدەگەیەنێت، لە ئێستادا كیلۆیەك مریشكی زیندوو بە دوو هەزار و 100 دینار دەفرۆشرێت ئەوەش كەمترین نرخی مریشكی زیندووە، لە ماوەی ئەمساڵدا بەراورد بە دوو مانگی ڕابردوو سێ‌ هەزار دینار لە نرخەكەی دابەزیوە، بە وتەی مریشك فرۆشان نرخی مریشك خەریكە نزیك بێتەوە لە نرخی تەماتە.

ئاری مستەفا، یەكێك لە مریشك فرۆشانی هەڵەبجە بە SNNی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ كیلۆیەك مریشكی زیندوو بە دوو هەزار و 100 دینار دەفرۆشین بە هاووڵاتیان و ماوەی هەفتەیەكیشە نرخی مریشك بەردەوام ڕوو لە دابەزین دەكات، ئەوەش كەمترین نرخی مریشكە لەماوەی ئەمساڵدا و بەراورد بە دوو مانگی ڕابردوو كیلۆیەك مریشك سێ‌ هەزار دینار لە نرخەكەی دابەزیوە، لەكاتێكدا لە دوو مانگی ڕابردوودا نرخی كیلۆیەك مریشكی زیندوو پێنج هەزار دیناری تێپەڕاند.

ئاماژەی بەوەشكرد، هۆكاری هەرزان بوونی مریشك بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە بەرهەمی مریشك لە كێڵگەكانی بەخێوكردنی مریشك زۆر بووە، بۆیە هەر كاتێك بەرهەم زۆر بێت، نرخ دادەبەزێت و بە پێچەوانەشەوە كاتێك بەرهەم كەم دەبێت نرخی مریشك بەرز دەبێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە هەرێمی كوردستان هەزار و 840 پەلەوەرخانە هەن و زۆر زیاد لە پێداویستی ناوخۆ مریشك بەرهەم دەهێنن و بەشێكیشی ڕەوانەی پارێزگاكانی دیكەی عێراق دەكرێت.

ئەو مریشك فرۆشە ئەوەشی خستەڕوو، ئێستا نرخی كیلۆیەك مریشك خەریكە نزیك دەبێتەوە لە نرخی كیلۆیەك تەماتە كە كیلۆی هەزار دینارە و لەهەندێك شوێنیش بە هەزار و 500 دینارە، بۆیە هەتا نرخی مریشك هەرزانبێت بۆ ئێمەو هاووڵاتیانیش باش دەبێت، چونكە فرۆشمان زیاد دەكات بەڵام بۆخاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكان زیانی دەبێت، چونكە كیلۆیك مریشك زیادە لە دوو هەزار و 500 دینار لەسەر خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكان دەكەوێت.

بەگوێرەی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی كشتوكاڵ كە بە SNNدراون ئەوەخراوەتەڕوو،  ساڵانە زیاتر لە 105 ملیۆن مریشك لە هەرێمی كوردستان گەورە دەكرێن و دەخرێنە بازاڕەوە، كە دەكاتە نزیكەی 250 هەزار تۆن گۆشتی سپی، لە كاتێكدا پێداویستیی ساڵانەی گۆشتی مریشك لە نێوخۆی هەرێمی كوردستان 146 هەزار تۆنە ئەوەی لە پێداویستی نێوخۆش زیاترە هەناردەی پارێزگاكانی عێراق دەكرێت.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this