هەڵەبجەییەكان بۆ داواکردنی قەرەبوو لە حكومەتی عێراق واژۆ کۆدەکەنەوە

0
477

SNN-عەلی حەمە سەعید

بەمەبەستی دروستكردنی فشار لەسەر حكومەتی عێراق و هاوكات دەربڕینی ناڕەزایەتی لەبەرامبەر جێبەجێنەكردنی یاسای 35ی ساڵی 2013 ی تایبەت بە قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری قوربانیانی هەڵەبجە، لە ئەمڕوە بۆماوەی سێ‌ ڕۆژ لە شاری هەڵەبجە دەستكراوە بە كۆكردنەوەی واژۆ و دواتر سەرجەم واژۆكان ئاراسەی حكومەتی عێراقی دەكرێن.

ڕێبوار هەڵەبجەیی، جێگری سەرۆكی ڕێكخراوی ڕزگاربووانی چەكی كیمیایی بە SNNی ڕاگەیاند: بەمەبەستی دروستكردنی فشاری زیاتر لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی عێراقی بۆ جێبەجێكردنی یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2013 كە تایبەتە بە قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری شەهیدان و قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە، لە ئەمڕوە دەستمان كردووە بە هەڵمەتێكی كۆكردنەوەی واژۆ لەلایەن كەسوكاری شەهیدان و هاووڵاتیانی نیشتەجێی هەڵەبجەوە، بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە داوا لە حكومەتی عێراق بكەین لایەك لە كەسوكاری قوربانیانی هەڵەبجە بكاتەوە و ئەو یاسایی تایبەت بە قەرەبووكردنەوە وەك خۆی بە یەكسانی جێبەجێی بكات.

ئاماژەی بەوەشكرد، هەمان ئەویاسایە لە پارێزگاكانی دیكەی عێراق جێبەجێكراوە بەجۆرێك ئەو هاووڵاتیانەی كە بەهۆی ڕژێمی بەعسەوە ئاوارەی ئۆردوگای ڕەفحا بوون یاساكەیان بۆ جێبەجێكراوە و قەرەبووكراونەتەوە، بەڵام هەمان ئەو یاسایە كە پەیوەستە بە كەسوكاری شەهیدانی هەڵەبجە و ئاوارەكانی ئەم سنورە بۆ ئێران قەرەبوو نەكراوینەتەوە.

جێگری سەرۆكی ڕێكخراوی ڕزگاربووانی چەكی كیمیایی ئەوەشی خستەڕوو، هەموو دۆسییەكانی دیكەی ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق وەك زیندانی سیاسیی قەرەبوو كراونەتەوە، بەڵام ئێمەی هەڵەبجەیی لێی بێبەش بووین، بۆیە دەمانەوێت لەم ڕێگەیەوە دەنگی هەڵەبجەییەكان بگەیەنینە هەر سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی عێراق، لە ئەگەری وەڵام نەدانەوەمان لە دادگای فیدراڵی سكاڵا لەسەر حكومەتی عێراق تۆماردەكەین، بەپێی یاساكەش هەموو ئەو كەسانەی لەو كۆمەڵكوژییە ڕزگاریان بووە، وەك زیندانی سیاسیی مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت، مانگانە بە بڕی یەك ملیۆن و 200 هەزار دینار مووچەیان پێ دەدرێت.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this