بەرپرسێكی بزوتنەوەی گۆڕان” ئامادەی هەڵبژاردنین، بەڵام بەرچاومان ڕووننیە بۆ دیاری كردنی بەربژێرەكان”

0
1535
گۆڕان لۆگۆی نوێ

SNN-عەلی حەمە سەعید

لە درێژەی كاردانەوەكانی تایبەت بە دیاركردنی ڕۆژی 10ی حوزەیران بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت “ئێمە پێمان باش بوو كە پرسی هەڵبژاردن لەلایەن پەرلەمان و كۆمیسیۆنی هەرێمەوە بڕیاری لەبارەوە بدرایە نەك لەعێراقەوە”، جەختیش دەكاتەوە كە ئامادەی هەڵبژاردنن بەڵام بۆ دیاركردنی بەربژێرەكان بەرچاومان ڕوون نییە.

نزار مەحمود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بە SNNی راگەیاند، دیاریكردنی ئەو وادەیەی كە ئەمڕۆ لەلایەن سەرۆكایەتی هەرێمەوە دیاریكرا كاتەكەی درەنگە و ئێمە پێمان باش بوو كە پێشتر ئەو هەڵبژاردنە بەڕێوەبچووایە، لەلایەن پەرلەمانی هەرێم و كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی هەرێمەوە بڕیاری لەبارەوە بدرایە نەك لە عێراقەوە بڕیاری لەبارەوە بدرێت و كۆمیسیۆنی عێراق سەرپەرشتی بكات.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان ئامادەی هەڵبژاردنین، بەڵام گەشبنیش نین بەرامبەر بە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق هەروەك كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستانیش ئەزمونێكی باشیان نەبووە لەوەی بتوانن پرۆسەكە بە شەفافی بەڕێوەببەن، بەڵام دواجار ئێمە بڕوامان بەوەهەیە كە دەبێت هەڵبژاردن بكرێت و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لەڕێگەی سندوقەكانی دەنگدانەوە بكرێت.

ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی ئەوەی سیستەمی هەڵبژاردنەكان گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە و ژمارەی كورسییەكان لە 111 كورسییەوە كەمكراوەتەوە بۆ 100 كورسی و هاوكات بەتەواوی شێوازی دابەشكردنی كورسییەكان بۆ پارێزگاكان دیاری نەكراوە، بۆیە هێشتا بەرچاومان ڕوون نییە بۆ دیاریكردنی بەربژێرەكانمان، هاوكات هێشتا هیچ قسەیەكیش نەكراوە لەبارەی ئەنجامدانی هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنەكانی دیكە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this