درەنگ دابەشكردنی مووچەی مانگی شوبات كێشە بۆ مووچەی مانگی ئازار دروست دەكات

0
616

SNN-عەلی حەمە سەعید

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوەدەكات درەنگ دابەشكردنی مووچەی مانگی دوو كێشە بۆ ئامادەكردنی ڕاپۆرتە داراییەكانی مووچەی مانگی سێ‌ دروست دەكات، جەختیش دەكاتەوە كە وەزیری دارایی عێراق ئەوەی بە بەرپرسانی هەرێم وتووە كە ناردنی مووچەی مانگی سێ‌ پەیوەستە بە دروستكردنی هەژماری بانكی لە بانكە فیدراڵییەكانی عێراق.

د.نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە SNNی ڕاگەیاند: ئەو پارەیەی كە لەبەغداوە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نێردراوە دەبوو هەرزوو دابەشبكرایە چونكە ئەوە پارەی مووچەیە و مافی خەڵكی كوردستانە، لەهەمان كاتیشدا درەنگ دابەشكردنی مووچەی مانگی شوبات كاریگەری دەبێت لەسەرئامادەكردنی ڕاپۆرتە داراییەكان بۆ مووچەی مانگی ئازار.

ئاماژەی بەوەشكرد، بابەتی بلۆككردنی ئەو پارانەی كە لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێم نێردراون ئەگەرێكی دوورە، چونكە بەوتەی وەزارەتی دارایی هەرێم ئەو پارەیەی نێردراوە بەشی مووچەی سەرجەم فەرمانبەران ناكات، بۆیە بابەتی درەنگ دابەشكردنی مووچە ئەو مافە نادات بە بەغدا بۆئەوەی ئەو پارەیەی بۆ هەرێمی ناردووە بیكشێنێتەوە یاخود بلۆكی بكات، هاوكات وەزارەتی دارایی عێراق ئەوەی بە بەرپرسانی هەرێم ڕایگەیاندووە كە بۆ مووچەی مانگی ئازار تەنها لە رێگەی كارتی بانكییەوە مووچە دەدەن.

وتەكانی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە كاتێكدایە كە بەگوێرەی زانیارییەكانی SNN كە لە بەرپرسێكی وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم وەریگرتوون ئەوەخراوەتەڕوو، بڕیارە لەهەفتەی داهاتوو بە دیاریكراوی لە ڕۆژانی یەكشەممە و دوو شەممەوە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بڵاو بكرێتەوە و دەستبكرێت بەدابەشكردنی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی هەرێم.

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this