بەغدا بە مەرج بەردەوام دەبێت لەناردنی مووچە بۆ هەرێم

0
9141

SNN

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق وێڕای ئاشکراکردنی کاتی رەوانەکردنی پارە بۆ مووچەی مانگی چواری فەرمانبەرانی هەرێم، جەخت لەوەدەکاتەوە کە بەغدا دەستبەرداری مەرجی تەوتین کردنی مووچە نەبووە، ئەگەر ئەو مەرجە جێبەجێ نەکرێت، رەنگە کێشە بۆ مووچە دروست بێت.

د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە SNNی راگەیاند: لەئێستادا وەزارەتی دارایی عێراق سەرقاڵی وردبینی لیستی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمە و پرۆسەکە ماوەیەکی زۆری ناوێت، ئەگەر سبەینێ پارەی مووچە رەوانە نەکرێت بە دڵنیاییەوە سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەغدا پارەی مووچەی مانگی چوار دەنێردرێت.

جەختی کردەوە، کە بۆ مانگەکانی داهاتوو دەبێت بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی جێبەجێ بکرێت چونکە مەرجە مووچەی فەرمانبەران بە بانکی بکرێت، بە پێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دەبێت بە بانکی کردنی مووچە لەو بانکانە بێت کە سەر بە وەزارەتی دارایی عێراق، کە ئەوانیش رافیدەین، رەشید و بانکی بازرگانین.

سەبارەت بە نوسراوەکەی وەزیری دارایی عێراقیش بۆ وەزارەتی دارایی هەرێم، ئەوەی خستەڕوو، نوسراوەکە لە 7ی نیسان رەوانە کراوە و تیایدا داواکراوە، زانیاری مووچەخۆران بە پێی ئەو نوسراوە بنێرن، تا هەژماری بانکییان بۆ بکرێتەوە، بۆیە بابەتی بە بانکیکردن مەرجە، هەرچەندە لەئێستادا بۆ کارئاسانی و لەپێناو دابەشنەکردنی زیاتری مووچە دادگای فیدڕاڵی لە روونکردنەوەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە تا تەواوکردنی پرسی بەبانکیکردن پێویستە بە شێوەی کاش مووچە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت، بەڵام ئەوە نییە کە دەستبەرداری مەرجەکەیان بووبن، واتە دەبێت بەبانکی کردن بکرێت.

ئەو پەرلەمانتارە داواشی کرد، حکومەتی هەرێم پەلە بکات لە پرسی بە بانکیکردنی مووچە، بۆ ئەوەی هیچ بیانوویەک نەمێنێتەوە، کە بەهۆیەوە لە ئایندەدا مووچە رابگیرێت. هەربۆیە دەبێت وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی دارایی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە هاوکار بێت بۆ ئەوەی پرۆسەی تەوتین (بەبانکیکردن)ی مووچە خێرا تەواو بێت.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this