وەزارەتی دارایی: تاوەکو ئێستا داتاو زانیاری 3378 فەرمانبەرمان ناردووە بۆ TBI

0
499

وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان سێیەم لیستی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان دوو هەزار و 557 فەرمانبەرە ئاڕاستەی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) کرا.

وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە کە ڕۆژی پێنجشەمە 30ی ئایاری2024، لەچوارچێوەی پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای پرۆژەی هەژماری من، و بە پشتبەستن بە ڕێکەوتنی نێوان وەزارەتی دارایی و ئابووری لەگەڵ بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بۆ ناردنی زانیاری فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ سێهەمین هەفتە لەسەریەک، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەڵسا بە ناردنی زانیاریی دوو هەزار و 557 فەرمانبەری سەرجەم وەزارەتەکانی هەرێمی کوردستان.

دەشڵێت:”لەچوارچێوەی ڕێکەوتنی نێوان وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان و بانکی عێراقی بۆ بازرگانی ( TBI ) هەیە وەزارەتمان بەردەوام دەبێت لە ئامادەکردنی لیست و زانیاریی مووچەخۆران، کە ئەم بانکە لەنێوان حەوت بانکەکانی ناو پرۆژەی هەژماری من هەڵدەبژێرن، بەپێی ئەو پرۆسەیەی کە بانکی ناوەندیی عێراق پەسەندی کردووە و هەفتانە لیستی نوێ بۆ بانکەکە ئامادە دەکات”.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە لەماوەی سێ هەفتەی ڕابردودا وەزارەتی دارایی و ئابوری داتاو زانیاری بە سێ لیست بۆ بانکی عێراقی بۆ بازرگانی ( TBI ) ناردووە، لیستی یەکەم (368) فەرمانبەرو لیستی دووەم (453 ) فەرمانبەرو لیستی سێیەم ( 2557 ) فەرمانبەر بوون، تا ئێستا کۆی گشتی داتاو زانیاری (3378) فەرمانبەری حکومەتی هەرێمی کوردستان نێردراوە بۆ بانکی عێراقی بۆ بازرگانی ( TBI ).

وەزارەتی دارایی راشیگەیاندووە، کە وەک وەزارەت چاوەروانن بانکی عێراقی بۆ بازرگانی ( TBI ) بە زووترین کات دەست بە کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ فەرمانبەرانی خوازیار بکات و قۆناغ بەقۆناغ کارتی بانکی بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بگەڕێنێتەوە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this