ئەمڕۆ بەریتانیا یەکەم ڤاکسینی شێرپەنجەی تاقیکردەوە

0
421

SNN

وڵاتی بەریتانیا بۆ یەکەمجار ڤاکسینی شێرپەنجە تاقیدەکاتەوە، کە سیستمی بەرگری لەش چالاک دەکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە.

ڤاکسینی شێرپەنجە جۆرێکە لە چارەسەری بەرگری و بۆ هاندانی سیستەمی بەرگری لەش دروست دەکرێت، بۆ ئەوەی بتوانێت شوێنی خانە شێرپەنجەییەکان بدۆزێتەوە و بەرەنگارییان ببێتەوە، ئەمەش ئەگەری گەڕانەوەی نەخۆشییە شێرپەنجەییەکان کەمدەکاتەوە.

بە پێچەوانەی ڤاکسینی نەخۆشیەکانی وەک ئەنفلۆنزا یان کۆرۆنا کە بۆ ڕێگریکردن لە نەخۆشکەوتنی کەسێک بەکاردەهێنرێت، ڤاکسینی شێرپەنجە چارەسەری ئەو کەسانە دەکات کە پێشتر نەخۆشییەکەیان هەبووە.

بەگوێرەی هەواڵێکی نیوزویک-ی بەریتانی، چەندین پێگەی خزمەتگوزاری تەندروستی نیشتمانی لە سەرتاسەری ئینگلتەرا بەشداری تاقیکردنەوەکە دەکەن، کە سەرەتا تیشک دەخاتە سەر ئەو نەخۆشانەی کە تووشی شێرپەنجەی کۆڵۆن و ڕیخۆڵە، پەنکریاس، پێست، سییەکان، میزڵدان و گورچیلە بوون.

ڤاکسینەکانی ئەم تاقیکردنەوەیە لە لایەن کۆمپانیای بایۆتەکنەلۆجی BioNTech SE بەرهەم دەهێنرێن.

ئیان فۆکس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری توێژینەوە و داهێنان لە توێژینەوەی شێرپەنجەی بەریتانیا، میکانیزمی کارکردنی ڤاکسینەکەی ڕوونکردەوە و وتی، “ڤاکسینی mRNA سیستەمی بەرگری لەش هان دەدات و بەم شێوەیە شێرپەنجە لە قۆناغە سەرەتاییەکانیدا دەستنیشان دەکات و دەیکاتە ئامانج.

ڤاکسینەکانی شێرپەنجە بە شیکردنەوەی شێرپەنجە یان وەرەمی نەخۆشێک کاردەکەن، پاشان ڤاکسینێکی تایبەتمەند دروست دەکەن کە نیشاندەرەکانی تێدایە کە لەسەر خانە شێرپەنجەییەکانیان دەدۆزرێتەوە، هەر بۆیە لە ڕێگەی ڤاکسینەکەوە سیستەمی بەرگری لەش بەرەنگاری خانە شێرپەنجەییەکان دەبێتەوە.

توێژەران هیوادارن ئەم چارەسەرە شانبەشانی نەشتەرگەری و چارەسەری کیمیایی و چارەسەری تیشکی بەکاربهێنرێت بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی نەخۆشی شێرپەنجە لەو کەسانەی کە جاکبوونەتەوە، پێشبینیش دەکرێت کاریگەری لاوەکی کەمتری هەبێت لە چاو چارەسەرەکانی تر.

تاقیکردنەوەکە تا ساڵی 2027 تەواو نابێت، بۆیە ساڵانێکی زۆری دەوێت تا ئەم چارەسەرە بۆ هەمووان بەردەست دەبێت.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this