پارتی ئازادیی کوردستان: ئەگەر بودجەیەک بە ئێمە دەدەن با بیبڕن، ئێمە رازین

0
798
پێشمه‌رگه‌كانى پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) | فۆتۆ: PAK

SNN
مووچەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێم بووەتە گرێ کوێرە و دوو مانگە بەغدا پارە بۆ ئەو هێزانە رەوانە ناکات و ئۆباڵەکەشی دەخرێتە ئەستۆی بوونی هێزی بیانی لە ناو لیستی مووچەخۆرانی ئەمنی و بە دیاریکراویش باس لە بوونی ناوی ئەندامانی دوو هێزی لەشکری رۆژ و پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) دکرێت لەناو لیستی مووچەدا، وتەبێژی پاک لەو بارەوە روونکردنەوە دەدات و دەڵێت: “ئەگەر بوونی ئێمە لە لیستی مووچە بووەتە کێشە بەڕاستی با حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر هاوکارییەک بە هێزەکانی پاک دەدات بیبڕێت و ئەو کێشەیە نەمێنێت”.

هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی هەرێمی کوردستان ماوەی دوو مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە، ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران هۆکارەکەی بۆ بوونی هێز و کەسانی بیانی دەگەڕێننەوە لە لیستی مووچە، کە لە ئەنجامیدا حکومەتی هەرێم لیستی ئەو مووچەخۆرانە رەوانەی بەغدا ناکات و حکومەتی فیدڕاڵیش ئامادە نییە مووچەکانیان بنێرێت.

ئەوەی بە پلەی یەکەم باسی لێدەکرێت، هێزەکانی رۆژ یاخود لەشکری رۆژن، کە لە کوردانی رۆژئاوا پێکهاتوون و ژمارەیان لە سەرووی 10 هەزار کەسەوەیە و دەوترێت، وەک بەشێک لە هێزەکانی زێرەڤانی مووچەکانیان لەسەر وەزارەتی ناوخۆیە، تائێستا ئەو هێزە و حکومەتی هەرێم لەوبارەوە هیچ روونکردنەوەیەکیان نەداوە.

هاوکات باس لەوەش دەکرێت هێزێکی دیکە کە بە نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان دادەنرێت و بە هەمان شێوە مووچەکانیان لەسەر مووچەی هێزە ئەمنییەکانی هەڕێمی کوردستانە، ئەوانیش هێزەکانی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) بە سەرۆکایەتی حسێن یەزدانپەنا، کە هێزێکی رۆژهەڵاتی کوردستانە.

سەبارەت بەو بابەتە خەلیل کانیسانانی، وتەبێژی پاک بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی (SNN) راگەیاند، “هەموو حزبەکانی ئۆپۆزسیۆن یاخود هەر حزبێک لە کوردستاندا بووبێت لە ساڵی 1991ەوە کە راپەڕین کرا، چ وەک حکومەتی هەرێم و چ وەک یەکێتی و پارتی هاوکارییان کراوە وەک بودجە، بەڵام کە بودجە کێشەی تێکەوت لە ساڵی 2014دا، ئەو هاوکارییەش بڕدرا.”

“لە کاتی شەڕی داعشدا بە سووتەمەنی و خۆراک هاوکاری کراوین”

دەربارەی هاوکارییەکان بۆ حزبەکەیان وتەبێژەکەی پاک نەیشاردەوە، “کە ئەو کاتەی بەشدارییان لە شەڕی دژ بە داعشدا کردووە، بە خۆبەخشانە بەشدارییان کردووە لە پاراستنی خاک و خەڵکی باشووری کوردستان، ئەگەر هاوکارییەک وەک سووتەمەنی و خۆراک پێمان درابێت لە چوارچێوەی ئەو میحوەرە بووە کە لێی بووین، کە ئەگەر ئێمەش لەو میحوەرە نەبووینایە و لیوایەکی دیکەی لێبوایە ئەو کارە هەر دەکرا، بەڵام دوای ئەوەی شەڕی داعش کوتایی هات ئەو هاوکاریانەش نەمان”.

” ئێمە ببین و نەبین واز لە هەڕێمی کوردستان ناهێنن”

جەختیشی کردەوە، ” چەند جارێک سەرۆکایەتی ئەرکانی پێشمەرگە رایگەیاندووە، ئێمە دینارێک بەو هێزانە نادەین و ئەو هێزانە خۆبەخشانە بەشدارن. هەبۆیە ئەو دەنگۆیانەی بڵاودەبنەوە دورن لە ڕاستییەوە، ئێمە نەبووینەتە کێشە و ئەگەر بوونی ئێمە لە لیستی مووچە بووەتە کێشە بەڕاستی با حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر هاوکارییەک بە هێزەکانی پاک بدات بیبڕێت و ئەو کێشەیە نەمێنێت، ئەگەر بەڕاستی ئێمە هۆکاری نەناردنی مووچە و بودجەی خەڵکی هەرێمی کورستانین لە لایەن بەغداوە، ئەوا ئێمە وەکوو پارتی ئازادی کوردستان رایدەگەیەنین، ئەگەر دینارێکی ئێمەیە بیبڕن. ئەو دەنگۆیانە ڕاست نین”.

خەلیل کانیسانانی وتەبێژی پارتی ئازادی کوردستان لە درێژەدا باسی لەوەکرد، “ئەگەرچی ئێستا لە عێراقدا حکومەتێکی فیدڕالی هەیە و هەرێمی کوردستانیش تیادا بەشدارە و پشکی هەیە، بەڵام بەغدا وەک داگیرکەرانی دیکە کە دوژمنی نەتەوەی کوردن ئێمە ببین و نەبین واز لە هەڕێمی کوردستان ناهێنن و بۆیان بکرێت مووچە دەبڕن، ئەنفالی دەکەنەوە مووشەکبارانی دەکات، ئەوەی کە هەیە بیانووەکانی بەغدا و ئێرانیش بێ بنەمان و ئێمەیان کردووە بە بیانوو و ئەگەر بودجەیەک بە ئێمە دەدەن با بیبڕن و ئێمە ڕازین”.

” ئەگەر شتێکی وەها هەیە بەڕاستی با بیبڕن”

وتەبێژی پاک لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژە بەوەدەکات، “بوونی بەڵگەنامەی فەرمی هاووڵاتیبوون، مەرجێکە بۆ سودمەندبوون لە مووچە و هاوکاری دارایی بەڵام ئەوان ئەو مەرجەیان تێدا نییە” و لەو رووەوە دەڵێت: ” هیچ پێشمەرگەیەکی ئێمە مووچەخۆری حکومەتی هەرێمی کوردستان نیە، چونکە یاسایەک کە لە هەرێمی کوردستان هەیە بەداخەوە ئەوەی بەڵگەنامە (دیکۆمێنت)، ناسنامەی باری کەسی، رەگەزنامە و کارتی نیشتمانی نەبێت، بە هیچ شێوەیەک هاوکاری ناکرێت، ئێمە خەڵکمان هەیە بریندار بووە، قاچی لەدەستداوە، فیشەک بەر سەری کەوتووە و تەنانەت کۆمەڵێک هاوکاری هەیە کە بە بریندارەکان دەدرێت، ئەوانەشیان پێیان نادرێت، بە بیانووی ئەوەی بەڵگەنامەی عێراقیان نییە. بۆیە نەخێر ئەو بابەتە دوورە لە راستییەوە و ئەگەر شتێکی وەها هەیە بەڕاستی با بیبڕن.”

“جێگەی شانازاییە ئەگەر پارە لە حکومەتی هەرێم وەربگرێن”

خەلیل کانیسانانی تەئکیدی لەوەکردەوە، کە وەرگرتنی موچە و بودجە لە حکومەتی هەرێم جێگەی شانازییە و وتی: ” خۆزگە هەبووایە، ئێمە ئەگەر هاوکاری بکرێین پێمان عەیب نییە. حزب هەبووە پێشتر بەر لە ڕاپەڕین لە بەغدا، پارەی وەرگرتووە، هەبووە لە ئێرانی وەرگرتووە، جا هەم بۆ ئێمە و هەم بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان جێی شانازییە، هاوکاری هێزە کوردەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان بکات. ئەگەر هاوکاری بکراینایە نەمان دەشاردەوە، چونکە جێی شانازییە، کە لە کورد پارە وەربگرین نەک لە داگیرکەرانی کوردستان و بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستانیش جێی شانازی دەبوو کە وەها بکات، بەڵام باوەڕتان هەبێت شتێکی وەها نییە و تا ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو توانایەیی نەبووە، بەڵام دژی خەڵکی کوردستان، داگیرکەرانی کوردستان ئێمەومانانیان کردووەتە بیانوو.”

” ئەگەر ئێمە بودجەیەک لە هەرێمی کوردستان وەردەگرین با پەرلەمانتارەکان دەنگ بە بڕینی بدەن “

دەربارەی ئەوەی بۆچی ناوی ئەوان لەگەڵ ناوی لەشکری رۆژدێت وەک ئەو هێزە بیانیانەی مووچە لە حکومەتی هەڕێم وەردەگرن، وتەبێژی پارتی ئازادیی کوردستان وتی: ” من سەبارەت بە هێزەکانی رۆژ هیچ قسەیەک ناکەم، چونکە ئەوان بۆخۆیان دەزانن هێزێکن یان حزب نین، بەڵام ئێمە حزبێکی سەربەخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانین و خەباتێکی خۆمان دژی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران بەڕێوە دەبەین و بۆ سەرخستنی ئەو خەباتەش وەکوو ئاماژەم پێکرد هەر لایەنێک ئەگەر هاوکاری ئێمە بکات بە مەرجێک داگیرکەرانی کوردستان نەبن بە جێی شانازی دەزانین. ئەوەش هەر بۆ خۆی سیاسەتی ئێمە کە دژی داگیرکەرانی کوردستان بووە، بەشداریمان لە شەڕی پردێ و ڕۆڵی ئێمە لە هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا، ئیتر دوژمنی خۆی هەیە، بە ڕاستی جارێکی دیکە دووپاتیدەکەمەوە، ئەگەر ئێمە بودجەیەک لە هەرێمی کوردستان وەردەگرین با پەرلەمانتارەکان دەنگ بە بڕینی بدەن و هیچ بە ئێمە نەدرێت، بەڵام ئەوە شەڕ فرۆشییەکە بە هەرێمی کوردستان. ئەگەر ئێمە نەک مووچەمان پێنەدرێت، هەر لە باشووری کوردستانیش نەمێنین، بەغدا و تاران و ئەنقەرە واز لە هەرێمی کوردستان ناهێنین و چاویان پێی هەڵنایایت و ئەوان بە ئاشکرا دژی ئەم نەتەوەیەن.”

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this