لەگەڵ نزیكبوونەوە لە جەژنی قوربان نرخی مریشكی زیندوو زیاتر بەرز دەبێتەوە

0
494

SNN-عەلی حەمە سەعید

بەراورد بە دوو هەفتەی ڕابردوو نرخی كیلۆیەك مریشكی زیندوو زیاتر لە 750 دیناری ڕۆشتووەتەسەر ئەوەش بەهۆی ئەوەی كیڵگە پەلەوەرییەكان مریشكیان تێدا كەمبووەتەوە، هاوكات بەهۆی نزیكبوونەوە لە جەژنی قوربان و بەرزی نرخی گۆشتی سور، خواست لەسەر مریشك زیادیكردووە، سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكانیش ئاماژە بەودەكات هێشتا خاوەن كیڵگە پەلەوەرییەكان لەزەرەردان.

ئاری جەبار، خاوەن یەكێك لە دووكانەكانی فرۆشتنی مریشك لە هەڵەبجە بە SNNی ڕاگەیاند: چەند ڕۆژێكە نرخی مریشكی زیندوو لە بازاڕەكان ڕووی لە بەرزبوونەوەكردووە، بەجۆرێك بەر لەدوو هەفتە نرخی یەك كیلۆ مریشك لە كێڵگەپەلەوەرییەكان بە كەمتر لە دوو هەزار دینار دەفرۆشكرا، بەڵام ئەمڕۆ كیلۆیك مریشك بۆ دوو هەزار و 300 تا دوو هەزار و 500 دینار بەرزبووەتەوە و لە بازاڕەكانیش نرخی كیلۆیەك مریش بە سێ‌ هەزار و 300 تا سێ‌ هەزار و 500 دینار دەفرۆشین بەهاووڵاتیان.

ئاماژەی بەوەشكرد، هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی مریشك پەیوەندی بەوەوەهەیە كە لە ئێستادا بەرهەمی مریشكی ناو كێڵگەپەلەوەرییەكان كەمیكردووە و هەروەها بەهۆی بەرزی نرخی گۆشتی سور و نزیك بوونەوەمان لە جەژنی قوربان نرخی مریشكی زیاتر بەرز كردووەتەوە و ئەگەر بەم جۆرە مریشك كەمبێت ئەوا تا ڕۆژانی جەژن كیلۆك مریشك بۆ چوار هەزار دینار بەرز دەبیتەوە بەڵام دوای جەژن نرخی مریشك كەم دەبێتەوە بەهۆی ئەوەی زۆرینەی هاووڵاتیان گۆشتی قوربانیان بۆ دەڕوات كەمتر ڕوو لەكڕینی مریشك دەكەن.

نازم عەبدوڵا، سەرۆكی كۆمەڵەی كیڵگە پەلەوەرییەكان بە SNNی ڕاگەیاند: هێشتا خاوەن كیڵگە پەلەوەرییەكان لە زەرەردان ئەگەرچی نرخی مریشكی بەرز بووەتەوە، چونكە بەرهەمهێنانی یەك كیلۆ مریشك دوو هەزار و 800 دینار لەسەر خاوەن كیڵگە پەلەوەرییەكان دەكەوێت و بە دوو هەزار و 250 دینار بۆ دوو هەزار و 500 دینار دەیفرۆشنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا نرخی جوجك و پێداویستی ناو كیڵگە پەلەوەرییەكان زیادیكردووە و حكومەتیش هاوكاری خاوەن كیڵگە پەلەوەرییەكان ناكات.

بەگوێرەی ئەو ئامارانەی كە لەبەردەستدان  لە هەرێمی كوردستان هەزار و 840 پەلەوەرخانە هەن، كە زۆرینەیان لە پارێزگای سلێمانین و ژمارەیان دەگاتە 727 پەلەوەرخانە پاشان لە هەولێر 576 پەلەوەرخانە و لە دهۆك 344 پەلەوەرخانە و 35 پەلەوەرخانەش لە هەڵەبجە هەن كە بەفەرمی تۆماركراون، بەڵام نزیكەی 800 پەلەوەرخانەش هەن بەرهەمیان هەیە و تۆمارنەكراون، بەرهەمی ئەو كێلگە پەلەوەرییانە بەشی پێداویستی ناوخۆیی هەرێم بەزیادەوە بەرهەم دەهێنن كەلەتوانایاندا هەیە گۆشتی مریشك بۆ 50 ملیۆن كەس دابین بكەن و ساڵانە زیاد لە 105 ملیۆن مریشك بەرهەم دەهێنن.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this