كۆبوونەوەكانی شاندەباڵاكەی عێراق لەهەولێر دەستیان پێكردوو SNNوردەكاری بڵاودەكاتەوە

0
446

SNN-عەلی حەمە سەعید
دوای ئەوەی ئێوارەی دوێنێ‌ شاندی باڵای ئەنجومەنی ئابوری عێراق گەیشتنە شاری هەولێر، لە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆوە كۆبوونەوە و دانیشتنەكانیان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم دەستپێكردووە، هاوكات شاندەكە تا سبەینێ‌ لە هەولێر دەمێننەوە و SNNیش وردەكاری كۆبوونەوەكانیان ئاشكرا دەكات.

بەگوێرەی زانیارییەكانی SNNئەمڕۆ كۆبوونەوەكانی شاندی ئەنجومەنی ئابوری لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێم دەستپێكردووە، تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكانیش دۆزینەوەی چارەسەرە بۆ سەرجەم گرفتەكانی ئەم دواییانەی نێوان هەرێم و عێراق لەبواری دارایی و بانكی و لیستی و مووچە هەناردەكردنەوەی نەوت و خەرجی و داهات و گومرگ و بازگە سنورییەكان، بۆ ئەومەبەستەش شاندەكەی عێراق تا سبەینێ‌ لە هەولێر دەمێننەوە و هەموو ئەو تەوەرانە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم یەكلایی دەكەنەوە.

ئاماژە بەوەشكراوە، یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئابوری عێراق لەگەڵ ئەنجومەنی ئابوری هەرێمی كوردستان دەبێت، بەجۆرێك ئەنجوومەنی ئابووری عێراق پێكهاتووە لە هەریەك لە تەیف سامی وەزیری دارایی، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە، عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندی، محەمەد تەمیم وەزیری پلاندانان، ئەسیر داود وەزیری بازرگانی، ئەحمەد ئەسەدی وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی، فەیسەڵ وەسام سەرۆكی دەستەی كاغەزە داراییەكان و عەلی بەهادین بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق، هاوكات ئەنجومەنی ئابووری هەرێمیش پێكدێت لە سەرۆكی حكومەت و جێگری سەرۆكی حكومەت و وەزیرەكانی پلاندانان و دارایی و ئابووری، كشتوكاڵ و بازرگانی و پیشەسازی و گواستنەوە و گەیاندن.

هەر لەزانیارییەكانی SNNئەوەشهاتووە، تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی هەردوو ئەنجومەنی ئابوری عێراق و هەرێمی كوردستان باسكردنە لە هۆكاری دواخستنی پارەی مووچە و هەروەها گرفتەكانی ناو لیستی مووچەخۆرانی هەرێم و هاوكات بڕیاردانیش لەسەر ناردنی تەواوكاری مووچەی مانگی هەشت.

SNNئەوەشی زانیوە شاندەی ئابوری هەرێم لە قۆناغی یەكەمدا زۆر مەبەستیانە كە گرفتی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و ناردنی پارەی مووچە لەكاتی خۆیدا لەگەڵ شاندی ئابوری عێراق یەكلایی بكەنەوە پاشان بڕۆنە سەر بابەتەكانی دیكە، هاوكات شاندی ئابوری عێراق دەیانەوێت جەخت لەوە بكەنەوە كە ئەو تێبینیانەی لەسەر لیستی مووچە هەیانە وەك خۆیان جێبەجێبكرین، پاشان هەرێمیش پابەندە بێت بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی لەبارەی گێرانەوەی داهاتی ناوخۆ و هەروەها بابەتی تەوتینی مووچەی فەرمانبەران، بۆیە ئەم تەوەرانە ئەمڕۆ گفتوگۆیان لەبارەوە دەكرێت.

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this