هەڤاڵ ئەبوبەكر: بێبەریبوونی خۆی لە هەردوو ماڵەکەی گۆران راگەیاند

0
468

پارێزگاری سلێمانی بێبەریبوونی خۆی لە هەردوو ماڵەکەی گۆڕان راگەیاند و دەڵێت: بێبەریبوونی خۆمان لە هەردوو ماڵەکەی بزوتنەوەی گۆڕان ڕادەگەیەنین و لە ئەمڕۆوە؛ وەک کەسێکی تەکنۆکرات و بێلایەن لە ئەرکەکانی خۆمان بەردەوام دەبین، تا ئەو کاتەی بەخشینەکەمان پەسەند دەکرێت، یان ڕێکارێکی یاسایی و کارگێڕیی دەگیرێتەبەر بۆ دەستاودەستی پۆستەکەمان لەگەڵ هەر پاڵێوراوێکی تردا.

ئەوە لەکاتێکدایە، پارێزگاری لە پشکی بزووتنەوەی گۆڕانە کە لە 2018ـەوە لە حکومەت دان و دوێنێ پێنجشەممە کشانەوەی خۆیان لە حکومەت راگەیاند.

د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێضگاری سلێمانی رایگەیاند، ئێمە؛ بە بژاردەو بڕیاری ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا ڕێکخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان و، بە هەڵبژاردن و بەدەنگی زۆرینەی ڕەهای خەڵک و بزوتنەوەی گۆڕان و بڕیاری جڤاتی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕان و ڕێککەوتنی بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و دەنگی هەموو فراکسیۆنەکانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و بە پەسەندێتیی وەزارەتی ناوخۆو سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و بە مەرسومی هەرێمیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ لە 4ی کانونی یەکەمی 2017 دا, وەک پارێزگاری سلێمانی دەستبەکاربووم، لە پێناوی خزمەت نەک دەسکەوتدا، دڵسۆزانە حکومەتێکی خۆجێی هاووڵاتیی سەنتەریی خزمەتگوزارمان لەسەر بنەمای یاساسەروەریی و دور لە حیزبایەتیی و دور لە جیاکاریی و لایەنداریی؛ بەپشتیوانیی هەمووان بنیاتناوە.

دەشڵێت:”بۆیەکەمجار لە مێژووی کورددا لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا بەشداریی و ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی حکومەتە خۆجێیەکانمان؛ بەرجەستە کردووە، بەرەنگاری هەموو ئاڵنگارییەکان بوینەتەوەو گۆڕیومانن بۆ دەرفەتی گەشەکردن و بوژاندنەوەو سەقامگیریی، سێ مانگ پێش تەواوبوونی ماوەی چوارساڵی خزمەتکردنمان لەم پۆستەدا، لە ٩ی ئەیلولی ٢٠٢١دا؛ بەفەرمیی داوای بەخشینمان لە پۆستەکەم کردووە، لەگەڵ ئەوەی بەپێی یاسا دەبێت تا هەڵبژاردنی نوێی ئەنجومەنی پارێزگاو هەڵبژاردنی پارێزگارێکی نوێ؛ بەردەوامبین، بۆ جاری دووەم هەمان داواکاریی فەرمیمان لە ڕۆژی 22ی شوباتی 2022دا؛ پێشکەش بە وەزیری ناوخۆو سەرۆک و جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و هەر سێ لایەنە سیاسییە پێکهێنەرەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووەو تا ئەمڕۆ؛ پەسەندنەکراوە”.

هەڤاڵ ئەبوبەکرد دەشڵێت:”ئێمە حوکمڕانیمان لە ململانێی سیاسیی دورخستووەتەوەو پابەندیی دەستورو یاساو ڕێساو ڕێنماییەکان بووین و دەبین، لەم دۆخەی ئێستادا، کە بەداخێکی سەختەوە؛ ناکۆکیی و دووبەرەکیی و بێمتمانەییەکی زۆرو قوڵ کەوتۆتە ناو بزوتنەوەی گۆڕانەوەو بەسەر دوو ماڵی لێکترازاودا؛ دابەشبوون، ئێمە خۆمان لەو دۆخە بەدورگرت و هەموو هەوڵێکی کۆکردنەوەو یەکخستنەوەو ڕێکخستنەوەو قبوڵکردنی یەکترو کاراکردنەوەی پەیکەری ڕێکخراوەیی و ناوەندەکانی بڕیاردانمان دا، بەڵام نەگەشتینە ئەنجام، لە ئێستاشدا نابینە بەشێک لەم ململانێ و کێشمەکێشەی گۆڕانی لە ئامانج و ستراتیژو دەستور و پاکێچ و بەرپرسیارێتییەکەی دورخستووەتەوە.

بۆیە:-
یەکەم: بۆ جاری سێیەم و کۆتایی؛ داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بەخشینمان لە پۆستی پارێزگاری سلێمانی پەسەند بکات.

دووەم: بێبەریبوونی خۆمان لە هەردوو ماڵەکەی بزوتنەوەی گۆڕان ڕادەگەیەنین و لە ئەمڕۆوە؛ وەک کەسێکی تەکنۆکرات و بێلایەن لە ئەرکەکانی خۆمان بەردەوام دەبین، تا ئەو کاتەی بەخشینەکەمان پەسەند دەکرێت، یان ڕێکارێکی یاسایی و کارگێڕیی دەگیرێتەبەر بۆ دەستاودەستی پۆستەکەمان لەگەڵ هەر پاڵێوراوێکی تردا.

سێیەم: نابین بەبەشێک لەم دابەشبوونەو بەهەمان ڕۆح و گیانی گۆڕانخوازییەوە؛ لە هەر کات و شوێنێکدا؛ خزمەت دەکەین، وەک هەمیشە داکۆکیکارو خزمەتکاری هەموو هاونیشتمانیان دەبین بەبێ جیاوازیی.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this