ڕاوێژكارێكی سەرۆكوەزیرانی عێراق باس لەدراوێكی دیجیتاڵی دەكات، شارەزایەكیش بە كارێكی ئاسانی نازانێت

0
335

SNN-عەلی حەمە سەعید

راوێژكارێكی سەرۆكوەزیرانی عێراق ئاماژەبەوەدەكات بانكی ناوەندی بەرەو دەركردنی دراوی دیجیتاڵی هەنگاو دەنێت وەك جێگرەوەیەك بۆ دراوی كاغەز، بەڵام شارەزایەكی دراوە دیجیتاڵییەكان ئەو كارە بۆ ئێستای عێراق بە ئاسان نازانێت.

كارزان خەلیل، شارەزا لە كاروباری دراوە دیجیتاڵییەكان بە SNNی ڕاگەیاند: لە ئێستادا جیهان بەرەو بە ئەلیكترۆنیكردنی سەرجەم كاروبارەكان هەنگاو دەنێت، لەوچوارچێوەیەشدا بەشێكی زۆری وڵاتانی جیهان ڕوویان لە دراوە دیجیتاڵییەكان كردووە، ئەمەش كار ئاسانی زۆری بۆ خودی حكومەتەكان و هاووڵاتیان و بەكاربەرانیش كردووە، بەڵام ئەمەش بەدوور نییە لە مەترسی مایەپووچ بوون یاخود لەناوچونی ئەو دراوە لە ئەگەری ڕوودانی هەڵەیەك یاخود نەمانی ئەو كۆمپانیایەی پاڵپشتی ئەو دراوە دیجیتاڵیە دەكات.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوەی باسدەكرێت لەبارەی ئەوەی كە بانكی ناوەندی عێراق بەنیازی دروستكردنی دراوێكی دیجیتاڵییە وەك جێگرەیەوەك بۆ دراوی كاغەز، ئەمە كارێكی ئەستەمە بۆ ئێستای بانكی ناوەندی، چونكە ئەم كارە پێویستی بە كەسانی زۆر پسپۆڕو شارەزا هەیە لەلایەك لەلایەكی دیكەش دەبێت ژێرخانی ئەلیكترۆنی و دیجیتاڵی لە عێراق هێندە پتەو بەهێز بێت كە بتوانێت ڕووبەڕووی ئەو هێرشانە ببێتەوە كە دەكرێنە سەر سیستەمە ئلیكترۆنییەكان، كە لە ئێستادا ئەو توانا بەهێزە نابین چونكە دەبنین ڕۆژانە چەندین پێگەی گرنگ هێرشیان دەكرێتە سەرو هاك دەكرێن.

ئەو شارەزایەی بواری دراوە دیجیتاڵییەكان ئەوەشی خستەڕوو، سەرەڕای ئەو مەترسیانەی كە لەسەر دراوە دیجیتاڵییەكان هەیە لەڕووی هاككردن و هێرشی ئەلیكترۆنی، لەهەمان كاتیشدا هاووڵاتییان ئەو ڕۆشنبیرییەیان نییە كە متمانەیان بەو جۆرە دراوانە هەبێت بتوانن سەرمایەكانی خۆیان بە دیجیتاڵی بكەن، چونكە پێشتر گوێبستی ئەوەبووین كە ئەو كەسانەی خاوەنداری دراوە دیجیتاڵییەكانیان كردووە بەجۆرێك لەجۆرەكان پارەی بەشداربووەكانیان خواردووە و بۆیان نەگەڕاندوونەتەوە بۆیە هاووڵاتییانیش ئامادە نین یاری بە چارەنووسی پارەكانیانەوە بكەن.

وتەكانی ئەو شارەزایەی بواری دراوە دیجیتاڵییەكان لەكاتێكدایە كە مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ كاروباری دارایی لە لێدوانێكدا رایگەیاند، بانكی ناوەندی بەرەو دەركردنی دراوی دیجیتاڵی هەنگاو دەنێت وەك بەدیلێك بۆ دراوی كاغەز، ئەمەش دەبێتەهۆی بازدانێكی گەورە لە سیستمی پارەدانی دیجیتاڵیی نیشتمانیدا.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this