ئێران: نامەکەی ترەمپ گەیشتووە و تاوتوێی دەکەین

0
345

SNN-

.وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، تاران سەرقاڵی تاوتوێكردنی نامەكەی سەرۆكی ئەمەریكایە و پاش هەڵسەنگاندنی هەموو لایەنەكانی بڕیار دەدەین.

ئاژانسی ئیرنای فەرمی ئێران لەزاری ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڵاویكردووەتەوە:” کە ئێوارەی دوێنێ نامەكەی دۆناڵد ترەمپ گەیشتە تاران و لەژێر تاوتوێكردندایە و سەبارەت بە چۆنیەتی وەڵامدانەوەی نامەكە پاش هەڵسەنگاندنی هەموو لایەنەكانی بڕیار دەدەین”.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند، نامەیەكی بۆ عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران ناردووە، تێیدا پێشنیازی كردووە “سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمیەكە گفتوگۆ بكەن”. سەرۆكی ئەمەریكا لەهەمانكاتدا هۆشداریدا لەوەی دوو ڕێگا هەیە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران “گەیشتن بەڕێككەوتن یاخود چارەسەری سەربازی”.

لەدواین لێدواندا لەوبارەیەوە، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند:”ئەگەر بچینە ناو گفتوگۆ لەگەڵ لایەنێك كە ئەوپەڕی فشاری سەپاندووە، ئەوە بە هەڵوێستێكی لاوازەوە گفتوگۆ دەكەین، بەوەش هیچ بەدەست ناهێنین”.

وتیشی:”پێویستە باوەڕ بەلایەنی بەرانبەر بهێنین كە سیاسەتی فشاركردن كاریگەر نییە، تەنها دەتوانین لەسەر مێزی گفتوگۆ لەسەر بنەمایەكی یەكسان دابنیشین”.

ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو عەلی خامنەیی ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند:”گفتوگۆكردن لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ دەبێتەهۆی بەردەوامیی سزاكان و زیاتربوونی فشارەكان لەسەر ئێران”.

وتیشی :”دانوستان لەگەڵ ئەمەریكا لە ئێستادا نابێتە هۆی هەڵگرتنی سزاكان، بەڵكو ئاڵۆزتری دەكات، لەكاتێكدا سزاو گەمارۆكان بێكاریگەرنین، تەنها هۆكاری خراپیی دۆخی ئابوریی وڵاتیش نین، كەمتەرخەمیی خۆمان كاریگەریی زیاترە بەراورد بە سزاكان”.

بەوتەی خامنەیی، ئێران شەڕی ناوێت، بەڵام ئەگەر ئەمەریكییەكان و بەكرێگیراوەكانیان ئەو نەفامییە بكەن، وەڵامی ئێران توند و یەكلاكەرەوە دەبێت، ئەمەریكا زیانی زیاتری پێدەگات نەك ئێران.

رۆژی هەینی رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ كەناڵی فۆكس بزنس نێتۆرك باسی لەوەكرد كە نامەیەكی بۆ عەلی خامنەیی ناردووە. سەبارەت بەوەی كە چی وتووە لە نامەكەدا ترەمپ دەڵیت: “وتومە هیوادارم دانوستان بكەیت، چونكە ئەوە زۆر باش دەبێت بۆ ئێران”.

سەرۆكی ئەمەریكا وتیشی: “پێموایە ئێران دەیەوێت ئەو نامەیەی بەدەست بگات، هەڵبژاردەكانی دیكە ئەوەیە كە ئێمە دەبێت شتێك بكەین، چونكە نابێت بهێڵین چەكی ئەتۆمی بەدەستبهێنن”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this