ئەپیکور: دانوستانەکانى تایبەت بە هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان شکستیان هێناوە

0
252

SNN-

کۆمەڵەى پیشەسازى نەوتى کوردستان (ئەپیکور) رایگەیاند: دانوستانەکانى تایبەت بە هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان شکستیان هێناوە و دەشڵێت: پێشنیازەکانیان لەو بارەیەوە پەسەندنەکراون.

رۆژى 20 ى نیسان، هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمى کوردستان لەگەڵ کۆمپانیاکانی وەبەرهێنی نەوت لە هەولێر کۆبوونەوە، بۆ تاتوێکردنى پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەى نەوت.

کۆمەڵەى پیشەسازى نەوتى کوردستان (ئەپیکور) دەشڵێت: حکومەتی عێراق بەردەوام جەخت لە گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دەکاتەوە بەڵام هەوڵ و هەماهەنگییەکان بەم ئاراستەیە سنووردار و بێ بەرهەم بوون.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە هەردوو حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆیان بۆ رەچاوکردنی بژاردەکان نیشانداوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش هیچ گفتوگۆیەکی بنەڕەتی لەبارەی ئەو دڵنیاییانە لە پێدانی پارە نەکراوە و هیچ بەرەوپێشچوونێکیش لەوبارەیەوە نەبووە..

مایڵز کاگینز، وتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان رایگەیاند، “کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکور، چەندان جار چارەیان بۆ پرسەکە پێشنیاز کردووە، بە گوێرەی یاسای بودجەی عێراق و هاوتەریب لەگەڵ گرێبەستی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت، کە لەلایەن دادگای عێراقەوە ڕەوا و یاسایین.”

دەشڵێت: ”لە نەبوونی بەرەوپێشچوون نیگەران و پەشیمانین، هەرچۆنێک بێت، ئێمە لە هەوڵەکانمان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆریی نەوتی عێراق- تورکیا بەردەوامین.”

سەرەڕاى چەند گەڕێکى دانوستان، چارەنوسى پڕۆسەى هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان بەنادیارى ماوەتەوە و کۆمپانیاکانى نەوت، پاراستنى گرێبەستەکانیان و رێککەوتنێک گە گەرەنتى شایستەکانى رابردوو و داهاتوویان بکات کردووەتە مەرجى دەستپێکردنەوەى بەرهەمهێنان و رادەستکردنى بە کۆمپانیاى سۆمۆ بە مەبەستى هەناردەکردنى.

رۆژی 23 ـی شوباتی 2025، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان رێككەوتنی كۆتایی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر هەناردەكردنەوەی نەوت بەپێی بڕی بەردەست رایگەیاند.

وەزارەتی نەوتی عێراق رۆژی 28 ی شوباتی دیاریكرد بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان (ئەپیكۆر) پڕۆسەكە دەستیپێنەكردەوە.

بڕیارە وەزارەتی نەوتی عێراق لە قۆناغی یەكەمی هەناردەكردنەوەی نەوت، 185 هەزار بەرمیل لە هەرێمی كوردستان وەربگرێت، دواتر بەشێوەیەكی قۆناغبەندی بۆ 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بەرزبكرێتەوە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this